بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 27 ی ئازاری 2024 لە چاوپێکەوتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و شاندی یاوەری، وتی: لە ڕاستیدا ئەمڕۆ بە خۆڕاگری و خەبات و گیانفیدایی گەلی زوڵملێکراو و بەهێزی غەززە، پرسی فەڵەستین سنورەکانی جیهانی ئیسلامی تێپەڕاندووە و بووەتە پرسی یەکەمی جیهانی مرۆڤایەتی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: جیهانیان نەفرەتیان لە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا هەیە کە پشتیوانی لەو ڕژێمە دەکات و هەست و سۆزی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی غەززە دەربڕیوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی بێ وێنەی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس، وتی: ئەوەی کە ئەمڕۆ بۆ جیهانیان سەلمێندراوە، ڕاستی و ڕەوایەتی پرسی فەڵەستین و هەڵوێستی ئەوانەیە بەرگری لەم گەلە دەکەن، بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕژێمی تەزویر و تاوانباری زایۆنیستی وەک بنەڕەتی سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و قەوارەیەکی دژ بە ئاشتی دەزانن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جموجوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە بە فێڵبازی ناو برد و بە ئاماژە بەوەی کە ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، لە بەردەم گەلی خۆیاندا شەرمەزارن، وتی: ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو بووەتە ڕیسواییەکی دیکە بۆ ئەمریکا و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەو وڵاتەی بۆ هەمووان لە جیهان ئاشکرا کردووە./.