بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی نەورۆزیدا جەختیکردەوە کە ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی ساڵی گرنگیدان بە گەشەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە ئێران دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕووداوە تاڵ و شیرینەکانی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، وتی کە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ڕابردوو، گرنگییەکی زۆری بە گەشەی وەبەرهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسان داوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: سێ ساڵی بەردەوامە کە وڵات گەشەی ئابوریی لە سەدا زیاتر لە 4 ی هەیە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی هەڵئاوسانیش بەرەو دابەزین ڕۆیشتووە.
ناوبراو سەبارەت بە کەرتی نیشتەجێبوونیش وتی کە پرۆژەی درووستکردنی 2 ملیۆن و 400 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغەکانی جێبەجێکردندایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: شانازی بەوە دەکەم کە ئەم کابینەیە بە کابینەی خەڵک ناسراوە و لە گەڵ خەڵکدایە، لەم کابینەیەدا 45 سەردانی پارێزگاکان کراوە و سەردانەکانیش بۆ گرنگیدانە بە کێشە و گرفتەکانی خەڵک و تەواوکردنی پرۆژەکان.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە پەیامەکەیدا بەرامبەر بە گەنجان و مێرمنداڵانی ئێران وتی: ڕۆڵە ئازیزەکانم، بزانن کە بە پشت بەستن بە توانا و ئیرادە و بیر و هزر ئیوە و بە پشت بەستن بە یارمەتییەکانی خودای گەورە، ئێرانی داهاتوو ئاوەدانتر و پێشکەوتووترە لە ئێرانی ئەمڕۆ، ڕێز لە ئێوە دەگرتن و بە هەموو هێز و توانایەکەوە بۆ ئاسانترکردنی ڕێگای پێشکەوتنی ئێوە هەوڵ دەدەین./.