بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، وتی کە هەلومەرجی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ دابین کراوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هیوادارین دەستپێکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتی ڕووسیا بەستێنی باشتری بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان دابین بکات.
ڕەئیسی هەروەها بە ئاماژە بە بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتیی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە پێویست ناو برد.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ و جەژنی نەورۆز لە سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران لە سەدا 77 بەرز بووەتەوە و ئەمەش پیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتە.
ناوبراو سەبارەت بە غەززەش ڕایگەیاند کە مۆسکۆ و تاران یەک هەڵوێستیان لە سەر ئەم قەیرانە هەیە و ڕووسیا ئامادەی هاوکاری زیاتر و کاریگەرترە بۆ چارەسەرکردنی./.