بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک هەندێک ڕێنمایی گرنگی لە سەر ئەم بابەتە خستووەتەڕوو کە بریتین لە:
خواردنی قاپێک زەڵاتە دوای ڕۆژوو شکاندن و پێش بەربانگ لە گەڵ خواردنی سەوزەی وەک خەیار، کاهو، ترۆزی لە نێوان بەربانگ و پارشێو.
نەخواردنی شیرینی. ڕۆژووەکەک بە میوەیەک بشکێنە، لە بری شیرینی میوەیەکی شیرین وەک سێو، پرتەقاڵ، لالەنگی، کاڵەک، شووتی بخۆ. هەروەها ڕۆژانە زیاتر لە یەک خورما مەخۆ.
دووربکەرەوە لە خواردنی ساردەمەنی، خواردنە گازییەکان، فاست فود، خواردنی سوورەوکراو، بەز و چەوری و دووگ، پێستی مریشک.
ڕۆژانە لە یەک پیاڵە چەرەس زیاتر مەخۆ، ئەگەر خواردت پێویستە سوێرکراو نەبێت و بە کاڵی بێت.
وەرزشکردن ڕۆژانە بۆ ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێر. باشترین کات پێش بانگی ئێوارەیە دوو کاتژمێر دوای بەربانگ لە گەڵ زیادکردنی جوڵە. چوون و گەڕانەوە بە پێ بۆ مزگەور و کردنی نوێژی تەراویح سوودی هەیە.
دوای تێربوون یەکسەر لە سەر سفرە یان مێزی نان خواردن هەستە و بڕۆ. لە قاپی بچووکدا نان بخۆ.
نانی تیری و هەورامی بە تایبەت ئاردی بۆر یان جۆ بخۆ لە بری نانی بازاڕ، سەمون، ناوساجی و کولێرە بە ڕۆن. لە بری برنجی سپی، برنجی قاوەیی یان بۆر بەکار بهێنە و بە پڵاو لێ بنرێت باشترە.
خواردنەوەی دە پەرداخ یان زیاتر ئاو لە نێوان بەربانگ و پارشێو. هەر نیو کاتژمێر یەک پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
دووربکەرەوە لە خواردنەوەی شەربەتی گیراوە و ئامادەکراو. لە جیاتی شەربەتی فرێش میوەکە بخۆ.
ڕێکخستنی کاتەکانی نووستن. دووربکەرەوە لە شەونخونی. بە ڕۆژ مەخەوە و بە شەو بەخەبەر بیت لە بەربانگەوە تا پارشێو. ڕۆژانە یەک کاتژمێر بچۆرە بەر هەتاو لە نێوان کاتژمێر 10 ی بەیانی بۆ 4 ی پاش نیوەڕۆ./.