بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” العراقیە ” سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2014 و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش، وتی: ڕووسیا هاوکارییەکی زۆری عێراقی کرد و فڕۆکە شەڕکەرەکانی بە هەموو چەک و تەقەمەنییەکەوە دەناردە عێراق.
ناوبراو وتی: سوپای عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا ژمارەیەک لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوخۆی ناردبووە ئێران کە ئەم وڵاتەش لە کاتی شەڕی داعش 8 فڕۆکەی بە تەواوی نوێکردەوە و بە شێوازی ئامادەکراو ڕادەستی بەغدای کردەوە.
مالیکی هەروەها جەختی لە سەر سیاسەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردەوە و وتی: گرووپە چەکدارەکان لە شەڕی دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ پرس و ڕاوێژێکیان لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا نەبوو.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی: عێراق لە ئێستادا پێویستی بە هێزی دەرەکی نییە و لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش تەنیا پێویستی بە هاوکاری هەواڵگری هەیە.
ڕاشیگەیاند کە بەرگری لە پچڕانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکا ناکات و بەغدا و واشنتن ڕێکەوتنی ستراتیژییان واژۆ کردووە کە چەندین بەشی جیاجیا لە خۆ دەگرێت و هاوکاری لە گەڵ ئەمریکا وەک وڵاتێکی دۆست بەرژەوەندییەکی زۆری بۆ عێراق دەبێت./.