بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە موسڵمانان پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزان دەکەن، تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی غەززە ئەم شاییەی لە دانیشتووانی ئەم کەرتە گرتووە و فەڵەستینییەکانی دانیشتووی ناوچەکە لە کەشی گەمارۆ، قەیرانی مرۆیی و مزگەوتە ڕووخاوەکاندا ئەم مانگە پیرۆزەیان دەستپێکردووە.
وەزارەتی ئەوقافی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە هەزار مزگەوتی کەرتی غەززە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە تەواوی وێڕان کراون.
ئەو وەزارەتە ڕایگەیاندووە کە سەدان هەزار نوێژخوێنی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە ناتوانن لە مزگەوتە ڕووخاوەکاندا نوێژی تەراویح بخوێنن.
بە پێچەوانەی خێزانەکانی وڵاتانی دیکەی ئیسلامی کە بۆ مانگی ڕەمەزان خۆیان ئامادە کردووە، زیاتر لە 2 ملیۆن فەڵەستینی کە لە کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە گەمارۆ دراون، مەترسییەکی گەورەی برسێتی و قاتوقوڕییان لە سەرە و هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوە و ناردنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئەم ناوچەیە بەردەوامە بەڵام بە ئەنجامێکی خوازراو نەگەیشتووە.
یەکێک لە دانیشتووانی غەززە بە ناوی ” حەسونە تەبیب حەسان “ کە دکتۆری ددانە و بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە ئاوارە بووە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە زۆر شتێک لە غەززەدا بوونی نەماوە، تەنانەت ئەگەر هەبێت نرخەکانیان زۆر بەرز بووەتەوە.
دکتۆر ” هیشام عەبدولفەتاح “ یش ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە نرخی کاڵا و شمەک لە غەززە سەرەڕای کەمبوونیان، زۆر بەرز بووەتەوە و توانای کڕینی بۆ ئەم خەڵکە نەماوە.
ئەندازیارێکی کشتووکاڵی بە ناوی ” باسیل یاسین “ کە لە ڕێکخراوێکی ناحکومیدا چالاکی دەکات، ڕایگەیاندووە کە ڕەمەزانی ئەمساڵ بە تەواوی بۆ دانیشتووانی غەززە جیاوازە، ڕەمەزان مانگێکی دڵنیاییە و ئەمەش کە زۆر گرنگە، لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا بۆ ئێمە بوونی نییە.
یاسین وتی کە نازانین مانگی ڕەمەزان لە خانوو، خێوەت یان لە قەراخی دەریا لە باکور یان باشور بە سەر دەبەین.
بەڵام ” جەمیل خەتیب ” کە لە قوتباخانەیەکی ئەنڕوای سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مامۆستایە، بە ئاماژە بە خێوەتەکەی خۆی، ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ڕەمەزاندا چۆن لەو خێوەتەدا ژیان بە سەر ببات، لە کاتێکدا کە ئاو و کارەبا و هیچ ئامرازێکی پەیوەندی و خواردنەوەیەک بوونی نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بۆ سەدان هەزار ئاوارەی زیانپێگەیشتووی غەززە خۆراک بوونی نییە و ئەمەش کاریگەریی لە سەر پێشوازی موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزان هەبووە.
بە هۆی تاوان و دڕندەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە، برسێتی، ئاوارەیی، شەڕ، گەمارۆ و تاوان و کۆمەڵکوژی بەردەوامە./.