بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، واسیلی نبنزیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە سەر دۆخی کەرتی غەززە بەڕێوەچوو، وتی: ئەمریکا هۆکاری شەهیدبوونی زیاتر لە 30 هەزار فەڵەستینییە و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ نیگەرانی دۆخی مرۆیی بە تایبەت دۆخی منداڵانی غەززە نین.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بە ڕێگری لە پەسەندکردنی بڕیاری ئاگربەستی غەززە، بووەتە هۆکاری شەهیدبوونی فەڵەستینییەکان.
باڵیۆزی ڕووسیا وتی: ڕەشنووسی پرۆژە پێشنیارەکەی ئەمریکا موڵەتێکی دیکەیە بە ئیسرائیل بۆ کۆمەڵکوژکردنی فەڵەستینییەکان.
نبنزیا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پڕوپاگەندەی باڵیۆزی ئەمریکا لەو کۆبوونەوەدا، وتی: بەراوردکردنی غەززە بە ئۆکرایناوە درووست نییە و ئەمریکا کە لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، عێراق و سوریا کۆمەڵکوژیی کردووە ناتوانێت وانەی ئەخلاق بە جیهانیان بڵێتەوە.
ئەو دیپلۆماتکارەی ڕووسیا پرسیاریکرد کە ئایا ڕۆژئاوا لە ڕاستیدا نیگەرانی منداڵانی غەززەیە؟ و وتی: منداڵانی غەززە بۆ یەکێتی ئەورووپا کە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات هیچ گرنگییەکیان نییە.
وتیشی کە بە هۆی ڕێگرییەکانی ئیسرائیلەوە برسێتی لە غەززە زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان بووەتە قەیرانێکی مەترسیدار./.