بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئەشتییە پاش چوار ساڵ، ڕۆژی دووشەممە 26 ی شوباتی 2024 وەک سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەستی لە کار کێشایەوە و میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری ڕاسپاردنی محەممەد مستەفا کەسایەتی ئابوریی فەڵەستین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە ئارادایە.
ئاژانسە عەرەبییەکان ڕایانگەیاندووە کە مەحمود عەباس ئامادەیە محەممەد مستەفا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی فەڵەستین لەم دۆخە دژوارەی شەڕی غەززە و هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کەرتی خۆرئاوا ڕابسپێرێت.
محەممەد مستەفا لەدایکبووی 1954 و تەمەنی 69 ساڵە و لە ساڵی 2022 ەوە بووەتە ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین کە بە ساف ناسراوە.
ناوبراو هەروەها لە کابینەکانی ڕابردوو، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بووە و لە ساڵی 2005 ەوە سەرۆکایەتی سندۆقی وەبەرهێنانی فەڵەستین دەکات.
محەممەد مستەفا هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای ئابورییە لە زانکۆی جۆرج واشنتن و وەک کەسایەتییەکی تەکنۆکرات ماوەی 15 ساڵ لە بانکی جیهانیدا چالاکی کردووە./.