بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 8 جاری دیکە هێرشی کردەوە سەر کەرتی غەززە و بەو هۆیەوە 92 کەس شەهید و 123 کەس بریندار بوون.
سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بە بەردەوامی هێرشەکانی بۆ سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە، ئەمڕۆ کارەساتێکی دیکەی لە دەیر بەلەحی ناوەندی غەززە تۆمار کرد، ئەو شوێنەی کە تێیدا تەنیا لە بۆردومانێکدا 26 کەس شەهید و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە سەد و چل و یەکەمین ڕۆژی شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستیدا ڕایگەیاندووە کە نیو ملیۆن کەس لە دانیشتووانی فەڵەستین لە باکوری کەرتی غەززە لە بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیدا بە هۆی برسێتییەوە گیانیان لە مەترسیدایە.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی گەمارۆی نەخۆشخانەی ناسری لە خان یونس داوە و موڵەتی گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە نادات./.