بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری بەناوبانگی فەڵەستینی و سەرنووسەری ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی رای الیوم لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیارە دوژمنکارانەکەی ئەمریکا لە دژی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا، ڕایگەیاند: پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی ئەمریکا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی ئەنساروڵڵا و سزاکانی سەر ئەم بزوتنەوەیە، یەمەنییەکان بە کردنە ئامانجی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی کە بەرەو حەیفا بەڕێوە بوو، وەڵامیان دایەوە و جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردەوە کە پابەندی هەڵوێستی خۆیانن بۆ پشتیوانیکردنی گەلی زوڵملێکراوی غەززە و فەڵەستین بە گشتی.
ناوبراو وتی: بەڕێز مەهدی مەشات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە وتارێکی ڕۆژی هەینی و لە نێو خۆپێشاندانە ملیۆنییەکەی سەرتاسەری یەمەن، ڕایگەیاند کە ئەنساروڵڵا واز لە هەڵوێستی بنەڕەتیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی غەززە ناهێنێت و هەر چەندە کێشە و بەربەستەکان زیاتر بێت، یەمەن پابەندی هەڵوێستەکەی خۆی دەمێنێتەوە. ئەمەش بۆ پابەندبوونی یەمەنییەکان بە پیرۆزییە ئیسلامی و مرۆییەکان دەگەڕێتەوە و هیچ کات لێی پاشەکشە ناکەن و ئەوەش دەسدرێژی دەکاتە سەر یەمەن، وەڵامی خۆی وەردەگرێت.
بڕیارەکەی ئەمریکا بایەخێکی بۆ یەمەنییەکان نییە
عەتوان لە درێژەدا ڕایگەیاند: بەرپرسێکی حکومەتی سەنعا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی ئەمریکا هێندە بێ بایەخە کە ئێمە کاتی خۆمان بەمەوە بە فیڕۆ نادەین، وەک چۆن کە چەند ساڵی ڕابردووش ئەمریکا بڕیارێکی هاوشێوەی هەبووە و ئێمە گرنگیمان بەو بڕیارەش نەدا و پاشان ئەمریکییەکان ناچار بە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە بوون. ئەمریکا ئەو لایەنەیە کە لە کەرتی غەززە تاوانی کۆمەڵکوژی دەکات و لەو تاوانەدا تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس شەهید و بە دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون و ئەمەش بە واتای تیرۆریزمی ئەمریکییە. ڕەنگە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا یەمەن تەنیا وڵاتێک بێت کە ڕاستەوخۆ دژایەتی داگیرکارانی ئەمریکی، بەریتانی و زایۆنیستی دەکات و پشتیوانی لە غەززە دەکات. ئێمە درێژە بە پشتیوانیکردنی برایانی خۆمان لە غەززە دەدەین.
هەڵوێستی یەمەن بۆ پشتیوانیکردنی غەززە تێچوویەکی زۆری بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبووە
ئەو شرۆڤەکارە بەناوبانگە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە یەمەنییەکان لە سەر هەندێک بابەتی ناوخۆیی و دەرەکی ناکۆکییان هەبێت بەڵام کاتێک باس لە پشتیوانیکردنی فەڵەستین و دەسدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئەم خاکە دەکرێت، سەرجەم یەمەنییەکان ناکۆکییەکان بە لاوە دەنێن و لە سەنگەرێکی یەکگرتوودا بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین و ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاران ڕادەوەستن.
ناوبراو وتی: یەمەنییەکان کە زیاتر لە 8 ساڵ شەڕێکی خوێناوی و ڕۆخێنەریان بە سەردا سەپێندرا، ئەو کەسانەن کە نە لە ئەمریکا دەترسن و نە لە فڕۆکە و کەشتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، لە ڕاستیدا ترس لای یەمەنییەکان مانایەکی نییە و بەم هۆیەوە دەبینین کە بە درێژایی مێژوو لەوەدا سەرکەوتوون کە سەرجەم ئەوانەی دەسدرێژییان کردووەتە سەر خاکەکەیان ڕوبەڕوی شکستیان بکەنەوە، ئێستاش ڕوبەڕوبونەوەی بوێرانەی یەمەنییەکان لە دەریای سوور و لە گەڵ هاوپەیمانی ئەمریکی – بەریتانی و 8 وڵاتی دیکە دەبینین کە دەیان و ڕەنگە سەدان ملیار دۆلار تێچووی بۆ ئابوری وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبووە.
ئەو نووسەرە فەڵەستینییە لە درێژەدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ترسنۆکانەی ڕژێمە عەرەبییەکانی ناوچەکە لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی گرت و وتی: بۆ ئێمەی عەرەب و موسڵمان زۆر بەئازارە کە دەبینین ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دەسکەوتەی یەمەنییەکان، پردێکی وشکانییان بەرەو بەندەری حەیفا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی وڵاتانی عەرەبی پیشان دەدات کە ئەوان لە ئاستی ئەخلاقی و نیشتمانی و بەها مرۆییەکان تا چەندە لە گەڵ خەڵک و سەرکردایەتی یەمەن کە بوێرانە پشتیوانی لە غەززە دەکەن، جیاوازییان هەیە.
سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئەنساروڵڵای یەمەن ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە
عەتوان لە درێژەدا وتی: بە دڵنیاییەوە کە دانانی ناوی ئەنساروڵڵای یەمەن لە لیستی تیرۆری ئەمریکا ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، لە بەر ئەوەی کە سەرجەم وڵاتان و گرووپ و ڕێکخراوەکان کە پێشتر لەم لیستە ڕەگەزپەرستانەی ئەمریکادا ناویان هەبووە، سەرکەوتووانە هاتوونەتە دەرەوە و گەیشتوونەتە خۆبژێوی و پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان. لە ئاستی خۆڕاگریدا پێشکەوتنی بەرچاوی سەربازی و ئابوری دەبینین. هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران کە قورسترین سزاکانی ئەمریکای هەبووە، نموونەیەکی ڕوونە لەم بوارەدا و لە زۆر بوارێکدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.
ڕاشیگەیاندووە کە یەمەن بە دڵنیاییەوە سەرکەوتووانە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دێتە دەرەوە، وەک چۆن کە ئەمریکا پێشتر بڕیاری وەهای دەرکرد و دواتر بە ناچاری ناوی ئەو بزوتنەوەی لە لیستەکەدا هێنایە دەرەوە./.