بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیامە نوێەکەی حزبوڵڵای لوبنان دیمەنی تەقاندنی مووشەکەکانی خۆڕاگری و نەخشەی تێدایە کە مەودای ئەو مووشەکانە پیشان دەدات کە دەگەنە دوورترین خاڵەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە شاری ئیلات لە کەنارەکانی دەریای سوور. لە سەر وێنەکانیش وتەکانی پێشووی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەرکردەکانی ڕژێمی داگیرکار بڵاو بووەتەوە کە ڕایگەیاندووە پێویستە پەناگە بۆ دوو ملیۆن ئاوارە لە باکوری فەڵەستینی داگیرکراو دابین بکەن لە بەر ئەوەی کە مووشەکەکان لە کریات شمۆناوە دەگەنە ئیلات.
ئەم پەیامە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئێوارەی ڕۆژی هەینی 16 ی شوباتی 2024 لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی یۆئاڤ گاڵانت وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی کە هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەیروتی کردبوو، ڕایگەیاندبوو کە وەزیرە شێتەکەی ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا باس لە مەترسی مووشەکەکانی حزبوڵڵا تا قووڵایی 50 کیلۆمەتر دەکات بەڵام پێویستە ئەوە بزانێت کە مووشەکەکان دەتوانن لە کریات شیمۆنا تا ئیلات بکەنە ئامانج، واتە لە باکوریترین تا باشوریترین ناوچەی فەڵەستینی داگیرکراو.
ناوبراو ڕایگەیاند کە خۆڕاگری لە دڵی شەڕێکی ڕاستەقینەدایە، لە بەرەیەکدا بە درێژایی زیاتر لە 100 کیلۆمەتر.
پاش ئەم هەڵوێستەی نەسروڵڵا بوو کە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی ئامادەباشی تەواویان لە بەرەکانی باکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕاگەیاند. کەناڵی تەلەفزیۆنی کان ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕێوشوێنی تایبەتی سەربازیی لە سەرجەم ناوچەکانی باکور گرتووەتەبەر./.