بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێپێوانی سەرتاسەریی 22 ی ڕێبەندان بە ئامادەبوونی بەرفراوانی خەڵک لە سەرجەم شار و تەنانەت لە زۆربەی گوندەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
لە شاری تاران و لە گۆڕەپانی بەناوبانگی ئازادی، بەشێک لە دەسکەوتە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و وەزارەتی بەرگری نمایش کرا و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە تاران ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی 45 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی کرد.
لە چل و پێنجەمین بەهاری شکۆمەندی شۆڕشی ئیسلامی، خەڵکی قارەمانی ئێران وەک هەمیشە بە سەربەرزی و بۆ پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و جەختکردنەوە لە پاراستنی دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە مەزنە ڕژانە سەر شەقامەکان.
گەلی ئێران لە 44 ساڵی ڕابردوو لە هەر هەلومەرجێکدا هاتوونەتە شەقامەکان و یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان بۆ بەرگری لە پیرۆزییەکانی شۆڕش بە جیهانیان پیشاندا و ئەمڕۆ یەک شەممە 11 ی شوباتی 2024 لە هەلومەرجێکی جیاوازدا کە ناوچەکە گۆڕانکارییەکی زۆر بە خۆوە دەبینێت دیسانەوە هاتنەوە شەقامەکان و درووشمی مردن بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و دوژمنانی دیکەیان بەرز کردەوە و ئەوەیان سەلماند کە بۆ بەرگری لەم شۆڕشە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەموو کات ئامادەن./.