بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا لە بەغدا، وتی: تا کەی دەبێت خوێن بدەین و بێدەنگ بین؟
ناوبراو وتی: من ئەمریکییەکان دەناسم، لە گەڵ ئەوان کۆبوونەوەم هەبووە و وتووێژم لە گەڵ ئەوان کردووە، بەڵێ، لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق چەک و کەرەستەی سەربازییان دایە ئێمە و لە هەر شوێنێک پێویست بووە قسەمان لە سەر کردووە. ئەوان ئەرکی خۆیان بە جێهێنا و ئێمەش سوپاسمان کردوون. بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیاری ئەوە دەکەین کە کێ عێراقی ئازاد کردووە؟ وەڵامەکەش ئەوەیە کە عێراقییەکان بوون کە خاکی خۆیان ئازاد کرد. ئێمە وڵاتی خۆمان ئازاد کرد، من لە سەرجەم شەڕەکان و پلانە سەربازییەکانی عێراقدا ئامادەبووم و تەرمی ئەو هەموو گەنجە عێراقییەم بینی کە گیانی خۆیان لەم پێناوەدا بەخت کرد.
ناوبراو وتی: ئێمە خوێنمان داوە، گیانفیداییمان کردووە و لەوەدا سەرکەوتوو بووین کە داعش لە ناو ببەین، بەڵێ، وڵاتانی دیکەش هاوکاری ئێمەیان کرد. ئەگەر بمانەوێت دەستمان بە مووشەکێکی زۆر بچووکیش بگات ئەوان بە بیانووی جۆربەجۆر ڕێگا بە ئێمە نادەن. ئەوەی کە ڕوونە، ئەوان نایانەوێت ئێمە سوپایەکی بەهێز بۆ عێراق پێک بێنین، ئێمەش سەرەڕای ئەم دۆخە، سەرقاڵی شەڕ و بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپای عێراقین.
یەحیا ڕەسوڵ بە ئاماژە بە هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا وتی: ئێمە دەمانەوێت سوپایەکی بەهێزمان هەبێت بەڵام ئێوە موڵەت نادەن. ئەمەش قەدەغەیە، ئێمە گەیشتووینەتە شوێنێک کە سەروەری و دەسەڵاتی عێراق هێڵی سوور بێت کە هیچ ڕێگایەک بۆ بەزاندنی نەبێت، عێراق لە سەروی هەموو شتێکەوەیە، ڕووی قسەکانی من تەنیا لە ئەمریکییەکان نییە، وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، هیچ کەس ناتوانێت زیان بە سەروەری عێراق بگەێنێت.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری عێراق و ئەمەش پیشان دەدات کە ئەم دۆخە ئیرادەی حکومەتی عێراقی بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرک و مانەوەی ئەو هێزانە زیاتر کردووە./.