بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: هەڵوێستی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە ڕێز لە دەسەڵات و سەروەری عێراق دەگرێت و هیچ کات لە هەوڵی ئەوەدا نەبووە کێشە و ناکۆکییەکانی لە گەڵ ئەمریکا بباتە خاکی عێراق.
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی: بۆ هەمووان ئاشکرایە کە ڕیشە و بنەڕەتی دۆخی ئێستای ناوچەکە، داگیرکاری، دەسدرێژی، کۆمەڵکوژی و ئەو تاوانانەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا لە دژی فەڵەستینییە بێ تاوانەکان لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە ئەنجامی دەدات.
ئیروانی وتی: هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دژی گەلانی موسڵمانی ناوچەکە، بەردەوامی هاودەستیی ئەم وڵاتەیە لە کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان بە پشتیوانی هەمەلایەنە لە ڕژێمی داگیرکار و ڕێگری لە هەر هەنگاوێکی کاریگەری نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لەم ڕژێمە.
باڵیۆزی ئێران جەختیکردەوە کە ئەگەر ڕوبەڕوی هەڕەشە یان هێرشێک ببینەوە کە کاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتمانی، بەرژەوەندییەکان و خەڵک هەبێت، لە بەکارهێنانی مافە ڕەواکانی خۆمان بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە هیچ دوو دڵ نابین./.