یەکێک لە دیارترین ڕۆژە پڕشکۆکانی مێژووی ئێران، 12 ی ڕێبەندانی ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی یان هەمان ڕۆژی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی (رە) لە فەرەنسا بۆ ئێرانە.
لەو ڕۆژەدا بە ملیۆنان ئێرانی لە تاران پێشوازییان لە گەڕانەوەی ڕێبەر و پێشەوای گەورەی خۆیان کرد، گەڕانەوەیەک کە بووە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی ئێران لە 22 ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ و بەمەش کۆتایی بە ڕژێمی پاشایەتی وەک شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناوچەکە هێندرا.
12 ی ڕێبەندانی ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی و پێشوازییە ملیۆنییەکەی گەلی ئێران پیشانیدا کە خەڵک چۆن پەیمانی پشتیوانییان بە شۆڕشی ئیسلامی دا و ئامادەن بۆ بەهێزبوون و سەرکەوتنی زیاتری ئەم شۆڕشە تەنانەت گیانی خۆیان بەخت بکەن.
ئێستا لە 45 ساڵەیی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامیدا دوژمنان چاوی دیتنی ئەم شکۆ و سەرکەوتن و دەسکەوت و یەکڕیزییەیان نییە و هەوڵی ناکۆکی خستنە نێو خەڵک و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن.
بەڵام ئامادەبوون و بەشداریی بەرفراوانی خەڵک لە بۆنە تایبەتەکانی وەک ڕێپێوانی 22 ی ڕێبەندان و هەڵبژاردنەکاندا ئەو پیلانەی دوژمنانی پووچەڵ کردووەتەوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بەرەو لوتکەی سەرکەوتنی زیاتر دەڕوات.
بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران خوێنێکی زۆر پێشکەش کرا، لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشەکەش لە پێناویدا خەبات و گیانفیداییەکی زۆر کرا تا پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و دوژمنانی دیکە و بەکرێگیراوە ناوخۆییەکانی ئەوان شکست بێنێت.
ئێستا 45 ساڵ بە سەر گەڕانەوەی مێژوویی ئیمام خومەینی (رە) تێپەڕ دەبێت و گەلی ئێران لە 12 تا 22 ی ڕێبەندان یان دەیەی سەرکەوتن، ئاهەنگ دەگێڕن و وەک بۆنەیەکی نیشتمانی شایی دەکەن.
دوژمنان دەبێت ئەوە بزانن کە نهێنی مانەوە و بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتیوانی خەڵکە و ئەمەش بۆ هەمیشە شکست بە پیلانەکانی ئەوان دێنێت./.