بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شیمۆن شیفر شرۆڤەکاری زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب ناچارە بە ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کۆتایی بە شەڕی غەززە بێنێت و موڵەتی ئەوەش بە دانیشتووانی ناوچەکە بدات بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە کشانەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، ئاسۆی سەرکەوتن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوورتر دەبێتەوە.
شیفر ڕایگەیاندووە کە سعوودییەکان بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا دەکەن و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تەل ئەبیب ئاسایی دەکەنەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە تەل ئەبیب بە ناچار دەبێت لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکان، بە هەزاران دیلی فەڵەستینی ئازاد بکات.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە داهاتووی غەززە لە پاش شەڕەکەی ئێستا دانوستان دەکرێت، شەڕێک کە بە کردەوە کۆتایی هاتووە./.