بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” چالاکییەکانی حەماس لەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپادا بووە، بووەتە هۆی نیگەرانیی ئیسرائیل، هێزەکانی حەماس لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە جارێکی دیکە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە “. ئەمە سەرەتای ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مەعاریۆیە لە سەر شکستە مەیدانییەکانی تەل ئەبیب لە شەڕی غەززە.
ئەو میدیا عبری زمانە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە یەکێک لە هێماکانی پێشڕەویی هێزەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە گۆڕەپانی شەڕ، ڕایگەیاندووە کە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، ژمارەی هێرشە مووشەکییەکان لەو ناوچانەی پێشتر لە کۆنتڕۆڵی سوپای ئیسرائیل لە پاش شەڕی غەززە بووە، بەرز بووەتەوە.
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییانە و ڕاپۆرتە شیکارییەکانی میدیا زایۆنیستەکان، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی پێشڕەوی لە باکورەوە بەرەو باشوری غەززە دەکات، لە کاتێکدا کە هێزەکانی حەماس جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی باکوریان کردووەتەوە و تێکۆشەرانی قەسام لە شەڕی دژ بە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شاری خان یۆنس لە باشوری غەززە، زیانێکی زۆریان بە سەر سوپای زایۆنیستدا سەپاندووە.
یەکێک لە شکستە گەورەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕۆژی دووشەممە 22 ی کانوونی دووەمی 2024 دەگەڕێتەوە، ئەو شوێنەی کە بینایەکی بۆمبڕێژکراو بە ڕۆکێت تەقێندراویەوە و 24 کەس لە هێزەکانی سوپای ئەو ڕژێمەی تێدا کوژران.
ڕۆژنامەی مەعاریۆ لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانی حەماس لە ناوچەکانی باکوری غەززە کە سوپای ئیسرائیل ژمارەی هێزەکانی تێدا کەم کردووەتەوە، زیادی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەم نیگەرانییە لە نێو فەرماندەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستیدا هەیە کە توانا سەربازییەکانی حەماس بەرە بەرە لەو ناوچانە زیاتر ببێت./.