بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی واشنتن و بەغدا سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەردەوامی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی، کاردانەوەی گرووپەکانی خۆڕاگریی لێکەوتەوە.
ئەبوعەلی عەسکەری بەرپرسی کاروباری ئەمنی لە گرووپی خۆڕاگریی کەتائیبی حزبوڵڵا سەبارەت بەم پرسە ڕایگەیاند کە خەبات و چالاکی گرووپەکانی خۆڕاگری تا دەرکردنی دوایین سەربازی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت.
چوارشەممەی ڕابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی حەشدی شەعبییان لە هەر دوو پارێزگای بابل و ئەنبار بۆردومان کرد.
هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە پەیامێکی گرنگی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە. میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوەڕۆکی ئەو پەیامە پەیوەندی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە هەبووە./.