بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 24 ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی تورکیای کرد.
ناوبراو پێش سەردانەکەی و لە فڕۆکەخانەی تاران وتی: تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ و موسڵمان، هاوبەشی ئابوری و بازرگانیی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئامانجی ئەوەمان دیاری کردووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە بگاتە 30 ملیار دۆلاری ساڵانە و ئەمەش بە پێی توانا و دەفرایەتییەکانی هەر دوو وڵات دەکرێت مسۆگەر ببێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لەم سەردانەدا چەندین ڕێکەوتنی گرنگ واژۆ دەکرێت کە پیشاندەری ئیرادەی هەر دوو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پرسی فەڵەستین لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا تاوتوێ دەکرێت و هەر دوو وڵات بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین و خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: هەوڵێکی زۆر بۆ ڕاگرتنی بۆردومان و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دراوە بەڵام بە هۆی پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو ڕژێمە، هێرش و کوشتاری ژنان و منداڵان و خەڵکی بێ تاوانی غەززە بەردەوامە./.