بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریکی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس، هۆشداریی دایە ئەمریکا کە چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە گرێ نەدات.
ناوبراو وتی کە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ بنیامین نتانیاهۆ ڕیشەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بە ئەمریکییەکان ڕاگەێندرا کە دەستی خۆیان بە خوێنی خەڵکی بێ تاوانی غەززە تێکەڵ نەکەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە ئەمریکا کرد کە شەڕی غەززە ڕابگرێت و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی دەریای سووریش وتی کە خەڵکی یەمەن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە بەرگری لە فەڵەستینییەکان دەکەن، بە پێی ئەزموون و بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەنگاو دەنێن و هیچ فەرمانێک لە ئێمە وەرناگرن.
ناوبراو وتی کە ئاسایشی دەریایی بۆ ئێمە گرنگە لە بەر ئەوەی کە هەناردەی نەوتمان هەیە و ئەگەر لە نزیک ئێمە ئاڵۆزییەک هەبێت دژی بەرژەوەندیەکانمانە./.