بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی وتی: سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتەی کە لە بواری دابینکردنی دراو و نرخی دراو لە عێراقدا هەبووە، بەڵام هەناردەی ئێران بۆ ئەو وڵاتە ڕووی لە گەشەسەندنە و ئەمەش بەردەوامە و مانگانە تێکڕای هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 785 ملیۆن دۆلار بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە عێراق بەردەوام وەک دووەم ئامانجی هەناردەی ئێران ماوەتەوە و وتی: عێراق لە سەرەتای ساڵی 2024 ەوە بەکارهێنانی دراوی بیانیی لە مامەڵە ناوخۆییەکاندا قەدەغە کردووە و لە لایەکی دیکەوە بانکەکانی ئەو وڵاتە ناتوانن بۆ کاڵا هاوردەکراوەکانی ئێران، ڕووسیا، سوریا و ڤەنزوێلا حەواڵەی دراو بکەن.
حوسێنی وتی: بەم پێیەش هاوردەکارانی کاڵا لەو چوار وڵاتەوە دەبێت دراوی پێویستی خۆیان بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕەوە دابین بکەن کە ئەمەش کێشەی خستووەتە بەردەم هەناردەی ئێران و هەروەها کەرەستە ئێرانییەکان بۆ پرۆژە حکومییەکانی عێراق و ئەگەر چارەسەرێک نەبێت دەتوانێت ئێران لە بازاڕی گەورەی گەشە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق بێبەش بکات.
سەید حەمید حوسێنی وتی: لە 8 مانگەی ڕابردووی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، ئێران 6 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی عێراق کردووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 30 گەشەی کردووە و هیوادارین کە ڕێژەی هەناردە تا کۆتایی ساڵی کۆچی هەتاوی بگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
ناوبراو وتی: غاز یەکەم بەرهەمی هەناردەی ئێرانە بۆ عێراق کە لە 9 مانگی ڕابردووی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بە هەموو توانایەکەوە هەناردە کراوە، ڕەنگە لە ئێستادا بە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی بەکارهێنانی ناوخۆییەوە تا ڕادەیەک دابەزیبێت بەڵام هەناردە بەردەوامە و عێراق بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پێویستی بە غازە.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی: عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئێران بۆ گواستنەوەی غازی تورکمانستان دەدات تا کێشەکانی بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە 4500 مێگاوات کارەبا چارەسەر بکات.
ئەندامی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق وتی: ئێران لە پاش ئیمارات، چین و تورکیا چوارەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە./.