بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە کاردانەوەی بەرامبەر بە کۆبوونەوەیەکی ئەو ئەنجومەنە و ئەو قسە و باسانەی تێیدا کراوە، ڕایگەیاندووە کە تاران پڕوپاگەندەی بێ بنەمای ئەو کۆبوونەوە بە ڕاشکاوانە ئیدانە و ڕەتدەکاتەوە، ئەو تۆمەتبارکردنە بێ بەڵگەیە و سەلمێندراویش نییە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام گرنگیی بە ئاسایش و ئازادی دەریایی داوە و جەخت لە سەر پابەندبوونی بە یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا دەکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە وەها تۆمەتبارکردنێک بە تەواوی ئاشکرایە و هەوڵ دەدەن ڕای گشتی لە هۆکاری سەرەکی و ڕیشەیی ڕووداوەکانی دەریای سوور و کۆمەڵکوژییە دڕندانەکەی کەرتی غەززە بەلاڕێدا ببەن.
باڵیۆزی ئێران لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت ڕاستییەکان لە بەرچاو نەگرێت و یان ڕای گشتی بەلاڕێدا ببات، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕووداوەکانی ئێستای دەریای سوور پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەردەوامبوونی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززەدا هەیە و ئەمریکاش پشتیوانی لەم تاوانانە دەکات.
ئەمیر سەعید ئیروانی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە جێی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکارییەی زایۆنیستەکان لە غەززە، نەک تەنیا لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیدایە، بەڵکوو بە پشتیوانی سەربازی و دیپلۆماسی و پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە ناوی هاوپەیمانی دەریایی، قەڵغانێک بۆ بەردەوامبوونی تاوانی زایۆنیستەکان لە غەززە و دژ بە گەلی فەڵەستین درووست دەکات.
ڕاشیگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هەر هەنگاو و کردەوەیەکی نابەرپرسانەی ئەمریکا کە ڕەنگە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە، هۆشداری دەدات و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەکات ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای دەریای سوور بە جێ بێنێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت کۆتایی بە خوێنڕشتنی زایۆنیستەکان لە غەززە بێنێت و ئەو ڕژێمە پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی 2712 و 2720 بێت./.