بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق هاوکات لە گەڵ چوارەمین ساڵیادی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسێکی ئێرانی، بیرەوەرییەکانی دەیان ساڵ ئاشنایەتی خۆی لە گەڵ شەهید سولەیمانی گێڕاوەتەوە.
کات و چۆنیەتی ئاشنایەتی عادل عەبدولمەهدی لە گەڵ شەهید سولەیمانی
عادل عەبدولمەهدی لە وەڵامی یەکەم پرسیاردا سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشنایەتی سەرەتایی لە گەڵ شەهید سولەیمانی ڕایگەیاند: من بیرەوەرییەکی زۆرم لە شەهید سولەیمانی هەیە بەڵام پێم وایە قسەکردن لە سەر یەکەم جاری ئاشنایەتیمان ئاسانتر بێت. من لە سەردەمی رژێمی سەدام وەک یەکێک لە نەیارەکانی، لە گەڵ شەهید سولەیمانی کە لەو کاتەدا بەرپرسی دۆسیەی عێراق بوو پەیوەندیم هەبوو. کۆبوونەوەکانی ئێمە بە شێوازی دوو کەسی یان لە گەڵ فەرماندە و سەرکردەکانی دیکەی ڕێکخراوی بەدر بە تایبەت شەهید سەید باقر حەکیم دەکرا. لە کۆبوونەوەکاندا دۆسیەی سیاسی داهاتووی عێراق لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام و دیاریکردنی سیستەمی جێگرەوەی ڕژێمی بەعس تاوتوێ دەکرا. کۆبوونەوەکانیش لە تاران یان لە شارەکانی کوردستانی عێراق بەڕێوە دەچوون.
لە کۆبوونەوەکاندا فەرماندە عێراقییەکان بۆچوونی خۆیان دەخستەڕوو و شەهید سولەیمانی گوێی لەوان دەگرت و پاشان بە یەک دوو دێڕ کۆبوونەوەکانی دەوڵەمەندتر دەکرد. هەندێک بابەتی وەک فیدراڵیزم، پرسە مەزهەبییەکان، نیشتمانییەکان و پلانە ئەمنییەکان و ئەو ڕۆڵەی کە گرووپە نەیارە عێراقییەکانی دژبەری سەدام بە ئیسلامی و عەلمانییەوە دەیانتوانی لە ئەستۆی بگرن. کۆبوونەوەکان وەک چۆن کە کەسانی دیکەش باسیان کردووە لە ئاستێکی باڵا و زۆر پسپۆڕانە بووە.
بەڕێوەچوونی مانۆڕە سەربازییە گرنگەکەی عێراقی پاش سەدام و ڕۆڵی شەهید سولەیمانی
ئەو ماوەیەش دوو یان سێ ساڵی پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو بەڵام پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و گۆڕینی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 بابەتەکان گۆڕانکارییان بە سەردا هات و بە کردەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتی نوێ ڕاستەوخۆ بە ئێمە درا. لەو کاتەدا گرنگترین پرس ئەوە بوو کە هێزەکانی بەدر چۆن دەتوانن بچنە بەغدا؟ ئێمە پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکەی ئەمریکا بۆ عێراق بووین و لە چوارچێوەی لیوای ئیمام عەلی (ع) سەرقاڵی ئامادەکردنی هێزەکانی خۆمان بۆ چوونە نێو بەغدا بووین.
لیواکە 1850 کەس لە هێزەکانی بەدر بوون و لە ناوچەی دەربەندیخان جێگیر کرابوون و دژی ئەوە بوون کە عێراق لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بۆردومان بکرێت. ئێمە بە هاوکاری خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق هەوڵمان دەدا ئەم هێزانە بپارێزین و هاوکات لە گەڵ ڕۆژانی یەکەمی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، مانۆڕێکی سەربازیمان بەڕێوەبرد تا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی لە میدیا گرنگە نێودەوڵەتییەکان لە تۆمەتبارکردنی بە ئێرانیبوون یان بەسراوەبوون بە سوپای پاسدارانەوە کەم بکەینەوە. مانۆڕەکە لەو کاتەدا کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و زۆربەی میدیا جیهانییەکانی وەک بی بی سی و سی ئێن ئێن کە لە کوردستانی عێراق نوێنەرایەتییان هەبوو ڕووماڵیان کرد.
ئەڵبەت بەڕێوەچوونی مانۆڕە سەربازییەکە مەترسیشی هەبوو، هەندێک لە فەرماندەکان بە ڕاشکاوانە ئەوەیان باس دەکرد کە ئەگەری بۆردومانکردنی هێزەکان لە لایەن ئەمریکاوە لە ئارادایە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەین. ئێمە لە ڕێگای مانۆڕەکەوە ئەو پەیامەمان دایە جیهان کە لیوای ئیمام عەلی تەنیا هێزە عێراقییەکان لە خۆ دەگرێت و چالاکییەکی سەربەخۆی هەیە. ئاشکرایە کە ڕێکخستنەوەی ئەم مانۆڕەش لە لایەن شەهید سولەیمانییەوە کرا.
پاش بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە بوو کە لە دوو قۆڵەوە بەرەو بەغدا پێشڕەویمان کرد، سەید عەبدولعەزیز حەکیم لە گەڵ فەوجەکانی بەدر لە کوتەوە بەرەو بەغدا ڕۆیشت و منیش لە گەڵ سەید محەممەد حەیدەری لە دیالە و بەعقوبەوە بەرەو پایتەخت بەڕێکەوتین. ڕۆژی 12 ی نیسانی 2003 گەیشتینە بەغدا لە کاتێکدا کە هێشتا سەدام لەوێ بوو.
هاوکات لە گەڵ چوونی ئێمە دەستگیرکردنی هێزەکانمان لە لایەن سوپای ئەمریکاوە دەستیپێکرد، من لە گەڵ بەڕێز حەیدەری 10 ڕۆژ پاش گەیشتن بە بەغدا دەستگیر کراین، بەشێک لە دەستگیرکراوەکان دواتر لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق گەیشتنە پۆستە باڵا وەزاری و سەربازییەکان. لەو قۆناغەشدا شەهید سولەیمانی وەک بەرپرسی دۆسیەی عێراق بەدواداچوونی بۆ کاروبارەکان دەکرد.
هەڵسووکەوتی شەهید سولەیمانی لە گەڵ فەرماندەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە درێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شێوازی هەڵسووکەوت و هاوکاری شەهید سولەیمانی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە قۆناغی پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام و ساڵانی داگیرکردنی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، وتی: لە ساڵانی پێش ڕووخانی سەدام، سەید باقر حەکیم لایەنی سەرەکی وتووێژ و ڕاوێژ لە گەڵ شەهید سولەیمانی بوو، ئێمەش لە هەندێک لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار دەبووین و تێڕوانینی خۆمان دەخستەڕوو. بەڵام بە ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان من و شەهید سولەیمانی زیاتر بوون، بۆ نموونە هەندیک لە کۆبوونەوەکان لە ماوەی چەند ڕۆژدا بەردەوام دەبوون، سەبارەت بە بابەتە گرنگەکانی ئەو کاتە.
شەهید سولەیمانی بەردەوام بەرگریی لە ماف دەکرد
عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە تێڕوانینی شەهید سولەیمانی لە سەر ناکۆکییەکانی هەر دوو لایەنی ئێرانی و عێراقی لە پرسە جیاجیاکانی تایبەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان یان پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، وتی: لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و عێراق ئەوەمان دەبینی کە هەر دوو لا بەرگرییان لە بەرژەوەندی وڵاتی خۆیان دەکرد بەڵام شەهید سولەیمانی بەردەوام بەرگریی لە ماف دەکرد ئەگەرچی ئەوەش بە پێچەوانەی بەرژەوەندی وڵاتەکەیەوە بووبێت. ئێمە هەموو کات وەک برایەکی ڕاستەقینە سەیری شەهید سولەیمانیمان دەکرد.
ڕۆڵی شەهید سولەیمانی لە ڕوبەڕوبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی شەهید قاسم سولەیمانی لە شەڕی گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکان لە عێراق، وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی ئەو شەهیدە ئازیزە لە پشتیوانیکردنی گەل و حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هەڕەشەی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە، وتی: مەترسی و هەڕەشەی گرووپی تیرۆریستی داعش تەنیا لە سەر هەولێر نەبوو بەڵکوو ئامانجی گەورەی ئەو گرووپە بەغدا بوو، لەو کاتەدا نیگەرانییەکی گەورە ئەوە بوو کە بەغداش تووشی چارەنووسی هەندێک ناوچەی عێراق بێت و بکەوێت و ئەگەر ئەمەش ڕووی دەدا، کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری لە سەر پارێزگاکانی دیکە دەبوو. شەهید سولەیمانی لە هەمان سەرەتای چالاکییەکانی داعشەوە گەیشتە عێراق. من سەرەتا لە هەولێر لە گەڵ ئەودا کۆبوومەوە. لەو قۆناغەدا هیچ فەرماندەیەکی عێراقی نەبوو کە بە تەواوی ئاگاداری دۆخی ناوچەکانی شەڕ بێت بەڵام شەهید سولەیمانی زانیاری تەواوی لە سەر بەرەکانی شەڕ لە دیجلە تا تارمیە و فەلوجە هەبوو، چۆنیەتی پاشەکشەی تیرۆریستانی داعشی داڕشت. تەنیا کاتێک حەشدی شەعبی هاتە گۆڕەپانەکەوە و بووە هێزی سەرەکی لە شەڕی دژ بە داعش، پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپە ڕاگیرا و لە ناوچە هەستیار و ستراتیژییەکانی عێراق ناچار بە پاشەکشە کرا.
شەوی تیرۆری شەهید سولەیمانی بۆ عادل عەبدولمەهدی چۆن بوو؟
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی سەبارەت بە چۆنیەتی تاوانەکەی ئەمریکا لە تیرۆری فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، وتی: من و شەهید سولەیمانی بڕیار بوو کە کاتژمێر 8 و 30 خولەکی بەیانی لە گەڵ یەکدا کۆببینەوە. من شەوان زوو دەخەوم بەڵام ئەو شەوە تا کاتژمێر یەکی شەو بەخەبەر بووم و هەوڵم دەدا سەبارەت بەوەی سبەی بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا باس بکرێت شتێک بنووسم لە بەر ئەوەی کە عێراق لەو کاتەدا ڕۆژانێکی سەخت و قەیرانێکی گەورەی بەڕێدەکرد.
لەو هەلومەرجەدا سەرەتا ئاگاداری تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا بووم، تا ئەو کاتەش زانیارییەکم لە سەر چۆنیەتی هاتنی شەهید سولەیمانی نەبوو، ئەو هەموو کات خۆی چۆنیەتی هاتووچۆ و سەردانەکانی دیاری دەکرد و ئەمەش دەیان ساڵ هەر بەم شێوازە بووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: دواتر ئاگادار کرامەوە کە کەسێکی گرنگ لە تەقینەوەکەی بەغدا تیرۆر کراوە بەڵام بە بینینی ئەنگوستیلەکەی بوو کە دڵنیا بووم شەهید سولەیمانی کراوەتە ئامانج. یەکەم جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە هەواڵی تیرۆری شەهید سولەیمانی بڵاو کرایەوە.
کاتژمێر نزیک دوو و نیو یان سێی شەو بوو کە بە تەلەفوونی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا و هەروەها تەلەفوونی بەڕێوەبەری نووسینگەکەم و تەلەفوونی مستەفا کازمی بەرپرسی ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگری عێراق چوومە شوێنی کارکردنی خۆم و بەدواداچوونم بۆ ڕووداوەکە کرد، لەو کاتەدا بەردەوام هەواڵی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی بڵاو دەکرایەوە و ئاسایی بوو کە ڕێوشوێنی ئەمنی تایبەت و پەیوەندیدار بەو ڕووداوە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان بگرینەبەر.
ئەمریکا بە تیرۆری شەهید سولەیمانی بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە؟
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق دۆخی شڵەژاوی ئەمریکای لە ناوچەکە وەک کاردانەوەیەکی تیرۆری شەهید سولەیمانی ناو برد و وتی: ئەگەر سەیری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکەیت و هەواڵ و ڕووداوەکان ببینیت، شکستەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق و سوریا پیشاندەری پێگەی ئێستای ئەو وڵاتەیە لە ناوچەکە./.