بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئەحمەد بەرزنجی ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: بە درێژایی مێژوو ئەو مرۆڤە ئازا و لێهاتووانەی کە کاریان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و چەوساندنەوەی خەڵک کردووە، پاش مردنیان بوونەتە قوتابخانەیەک کە نەوە پاش نەوە کەڵکیان لە ڕێباز و ئامانجی ئەوان وەرگرتووە و شانازی بەوانەوە کراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی کوردانی عێراق لە سەردەمی شای ئێران، وتی: بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و هاوکارییەکانی بۆ سەرکردایەتی کورد، شۆڕشی کوردانی عێراق پێی ناوە قۆناغێکی نوێ و ڕۆڵی شەهید سولەیمانی لەو پێناوشدا بەرچاو و کاریگەر بووە.
ئەو کەسایەتییەی هەرێمی کوردستان وتی: لە هەر کێشە و ناکۆکییەکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و لە نێو لایەنە سیاسییەکان، شەهید سولەیمانی ڕۆڵی چارەسەر و خێری بینیوە.
بەرزنجی وتی: بە سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی گرنگی عێراق و ئەو هەڕەشانەی لە سەر هەرێمی کوردستان هەبوو، هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای ژنڕاڵ قاسم سولەیمانییە بووە هۆی ڕزگاربوونی عێراق.
ناوبراو وتی: لێهاتوویی و شارەزایی شەهید سولەیمانی بووە هۆی شکستی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و نەهێشتنی هەڕەشەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان./.