بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جنین ئەو شوێنەیە کە خەباتی گەنجانی فەڵەستینی لە دژی داگیرکارانی زایۆنیست گەیشتووەتە لوتکە. مەنسور سەعدی جێگری پارێزگاری جنین ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر شار، گوند و کەمپە فەڵەستینی نشینەکان بەردەوامە و داگیرکاران دەیان کەسیان شەهید کردووە و تا ئێستا لە پارێزگای جنین 500 کەسیان دەستبەسەر کردووە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەنقەست ژێرخانەکانی کەرتی خۆرئاوا لە ناو دەبات، لە شەقام و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو و کارەباوە تا ئەوەی کە هێمایەک بۆ ژیانە و ئەم هەلومەرجەش بووەتە هۆکاری کۆچی زۆرەملەی خەڵک و بە جێهێشتنی شوێنی ژیانیان.
سەعدی ڕایگەیاند کە ئامادەبوونی وەزیری دارایی ڕژێمی زایۆنیستی لە جنین و ناساندنی فەڵەستینییەکان وەک نازییەکان دوو ئامانجی سەرەکیی هەیە، یەکەم ئەوەی کە دەیەوێت بە کۆمەڵگای زایۆنیست کە لە ئێستادا لە سیاسەتەکانی بنیامین نتانیاهۆ توڕەن بڵێت کە سوپای ئەو ڕژێمە لە کەرتی خۆرئاوا سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و بۆ سەرکەوتنی غەززەش پێویستی بە کات هەیە.
جێگری پارێزگاری جنین وتی کە ئامانجی دووەمی وەزیری دارایی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەردانەکەی ئەوەیە کە درێژە بە شەڕی دەروونی لە دژی فەڵەستینییەکان بدات.
مەنسور سەعدی وتی کە تاوانی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و کوشتاری خەڵکی فەڵەستین و لەناوبردنی ژێرخانەکان وەک کردەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانە کە پابەندی هیچ یاسا و بنەمایەک نین./.