بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میری نوێی کوێت ڕوبەڕوی چەندین کێشە و قەیرانی ئابوری بووەتەوە، بە واتایەکی دیکە چەندین دۆسیەی گرنگی ئابوری لە سەر مێزەکەی ناوبراوە کە دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات.
کوێت ساڵانێکە جەخت لە سەر جۆربەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکاتەوە تا هێندە بەسراوەی داهاتە نەوتییەکان نەبێت بەڵام ئەمەش بە هۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە تووشی بەربەست و کێشەی جیدی بووەتەوە.
پاش ئەوەی کە مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح وەک میری نوێی کوێت دەستنیشان کرا، دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی نێوان حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەی بدات.
ناسەقامگیری سیاسی لە کوێت بووەتە هۆی لاوازبوونی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی دەرەکی لەم وڵاتە کە بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە سەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت.
سندۆقی نێودەوڵەتی دراو لە ڕاپۆرتێکی مانگی ئابدا ڕایگەیاندووە کە دواکەوتنی جێبەجێکردنی چاکسازییە داراییەکان لە کوێت دەتوانێت بەردەوامی بە بێ متمانەیی سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتە بدات.
لە ڕاپۆرتێکی سندۆقی نێودەوڵەتی دراودا هاتووە کە کوێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بەکارهێناوە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لە سەدا 8.2 ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی لە ساڵی 2023، لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت بە هۆی دابەزینی وەبەرهێنانی نەوتەوە ڕێژەی گەشە لەم پیشەسازییەدا دابەزێت.
وەزارەتی دارایی کوێت ڕایگەیاندووە کە بودجەی گشتی ئەم وڵاتە بە ڕێژەی لە سەدا 88 بەسراوەی داهاتی نەوتی خاوە.
ڕێژەی هەڵئاوسان یەکێکی دیکە لە کێشەکانی بەردەم میری نوێی کوێتە کە دەبێت مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح هەوڵی چارەسەرکردنی بدات.
لە گرنگترینی ئەو دۆسیانەی کە لە سەر مێزی میری نوێی کوێتە، چۆنیەتی جێبەجێکردنی لە سەدا 15 ی باجە بە سەر کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەدا.
ڕێژەی بێکاری لە کوێت لە سەدا 2.2 ڕاگەێندراوە و ئەمەش کێشەیەکی گەورە هەژمار ناکرێت لە بەر ئەوەی کە هاووڵاتیانی کوێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین هاووڵاتیان لە سەر ئاستی جیهان دادەنرێن.
کوێت نزیکەی لە سەدا 8 ی یەدەکی نەوتی وڵاتانی ئۆپێکی لە کۆتایی ساڵی 2022 هەبووە.
حسام عایش شرۆڤەکاری ئابوری ڕایگەیاندووە کە میری نوێی کوێت ڕوبەڕوی چەندین کێشەی گەورەی سیاسی و ئابوری دەبێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئابوری کوێت بەسراوەی داهاتە نەوتییەکانە و کاریگەری لە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت وەردەگرێت، بە تایبەت لە کاتی کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کە گۆڕانکارییەکی زۆر لە نرخی نەوتدا ڕوو دەدات.
عایش وتی کە ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر ئابوری کوێت دەبێت و مەشعەل جابر سەباح پێویستی بە چاکسازییە و ئەمەش چاوەڕوان دەکرا ساڵانێک بەر لە ئێستا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە بۆ زاڵبوون بە سەر کێشە و قەیرانە ئابورییەکاندا کوێت پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان هەیە.
بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە ئابورییە، میری نوێی کوێت هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و چین دەدات و ئەمەش لە پێناو بوژانەوەی ئابوری و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی دەبێت./.