بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی ” رای الیوم ” و شرۆڤەکاری ناسراوی جیهانی عەرەب سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ غەززە، وتی: لە کاتێکدا کە برایانی یەمەنی بە هێرشە دەریاییەکانی خۆیان ڕێگری لە گەیشتنی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و بە هەموو هێزێکەوە پشتیوانی لە خۆڕاگری و گەلی فەڵەستین لە غەززە دەکەن، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە لە ئیماراتەوە پێداویستییە بازرگانییەکان گەیشتووەتە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و ئەمەش بە سعوودیە و ئەردەندا تێپەڕ بووە و لە لە ڕێگای ئەو پردە وشکانییەوە گەیشتووەتە دەستی زایۆنیستەکان کە پێشتر تەل ئەبیب و دۆبەی ڕێکەوتنیان لە سەر کردبوو.
ناوبراو بە ئاماژە بە گەیشتنی 10 بارهەڵگر کاڵا و پێداویستی لە ئیماراتەوە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: چالاککردنەوەی گرێبەستە ئابوری و بازرگانییەکانی ئیمارات لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە تایبەت لە سەر پردی وشکانیی نێوان هەر دوو لا هاوکات لە گەڵ چالاکییەکانی یەمەن لە داخستنی گەرووی بابولمەندەب و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی و دەریای سوور بووە و ئەم پردەش لە چوارچێوەی کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراوی سەربازی لە دوبەی بەرەو حەیفا و بە پێچەوانەوە بووە. ڕاستە کە لە یەکەم هەنگاودا 10 بارهەڵگر لە دوبەی گەیشتە حەیفا بەڵام ئەمەش سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی سەدان و هەزاران بارهەڵگری دیکە و ئامانجەکەشی جێگرەوەی ڕێڕەوێکی وشکانییە لە جێی دەریای سوور تا هەوڵەکانی یەمەنییەکان لە گەمارۆدانی ڕژێمی زایۆنیستی بێ کاریگەر بکرێت. لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوەش پشتیوانییە لە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرش و تاوانی زیاتر لە دژی فەڵەستینییەکان بە تایبەت لە کەرتی غەززە کە تا ئێستا دەیان هەزار شەهید و برینداری بە دواوە بووە و زۆربەی خانووەکان و ژێرخانەکانی کەرتی غەززە بە تایبەت نەخۆشخانەکان و ڕێگاوبانەکانی ڕووخاندووە.
ئەو شرۆڤەکارە عەرەبە وتی: حکومەتی ئەردەن ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستیی سەبارەت بە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان لە خاکی خۆیدا ڕەتکردووەتەوە. ئاژانسی فەرمی ئەردەن ئەم هەواڵەی ڕەتکردووەتەوە. سەرچاوەکانی ئەردەن جەختیان لە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەیان بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین کردووەتەوە و ئەمان تەنانەت گرێبەستەکانی ئاو و کارەبا و غازیشی لە گەڵ تەل ئەبیب هەڵوەشاندووەتەوە.
عەبدولباری عەتوان لە درێژەدا ڕایگەیاند: سعوودیە تا ئێستا هەواڵی چالاککردنەوەی ئەم پردەی پەیوەندیی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتنەکردووەتەوە و ئێمە نازانین کە ئەم بێدەنگییە پیشاندەری ڕەزامەندییە یان ئەوەی کە ڕیاز هەواڵی میدیا زایۆنیستەکانی هێندە جیدی نەگرتووە و گرنگیی پێنەداوە. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کە لە غەززە ڕوبەڕوی شکستێکی گەورە بووەتەوە و ئامانجەکانی وەک لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی دیلەکانی بۆ مسۆگەر نەکراوە، چیدی توانای پاراستنی خۆیشی نەماوە، تا ئەوەی کە وڵاتانی دیکە بە تایبەت ڕژێمە عەرەبییەکان بپارێزێت. تا ئێستاش ئەگەر هاوکارییە سەربازی و هەواڵگری و داراییەکانی ئەمریکا نەبوو، لە بەرامبەر هێزەکانی خۆڕاگری توانای بەرگریی نەدەبوو. بە دڵنیاییەوە دۆخی ئیسرائیل وەک پێش شەڕی غەززە نابێت و هیوادارین ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە هەوڵی هاوکاریی زایۆنیستەکان دەدەن لەم ڕاستییە تێبگەن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی گەورەترین لایەنە کە لە کردنەوەی ئەم پردە وشکانییەدا سوود دەبینێت بەڵام ئەمەش هەڕەشەیەکە لە سەر نۆکەندی سویس و داهاتی میسر لە ڕێگای ئەم کەناڵە دەریاییەوە لە 9 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ نیوە کەم دەکاتەوە. ئەم پرسەش کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی میسر لە گەڵ وڵاتانی ئەردەن، سعوودیە و ئیمارات دەبێت و گرنگتر لە هەمووش ئەوەی کە پردەکە هەڕەشەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن و گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراقی لە سەرە./.