بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئسکات ڕایتر ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سوپای ئەمریکا کە ئەزموونێکی زۆری لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ڕایگەیاند: بزوتنەوەی حەماس بە ئۆپەراسیۆنە گەورە و پێشکەوتووەکەی لە تشرینی یەکەمی ڕابردوو سەرکەوتنی بە دەست هێنا و بەم هێز و توانا سەربازییەوە ناکرێت لە ناو ببرێت.
ناوبراو وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە بزوتنەوەی حەماس بووەتە هێمای ئەخلاقی و کرداریی ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل لە فەڵەستین.
ئەو ئەفسەرە ئەمریکییە وتی: ئەوەی کە منی تووشی سەرسوڕمان کردووە دۆخی شڵەژاو و کارنامەی لاوازی سوپای ئیسرائیلە و بە پێی ئەوەی کە لە نزیکەوەی سوپای ئیسرائیل دەناسم و ساڵانێکە لە سەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەکەم، لە دابەزینی ئاستی توانا سەربازییەکانی تێدەگەم، ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم سوپایە تەنیا پشت بە هێز و تەکنۆلۆژیای هێزی ئاسمانی دەبەستێت.
ئسکات ڕایتر وتی: لە لایەکی دیکەوە متمانەم بە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئیسرائیل هەبووە، ئەوان بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو لە کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا هەوڵێکی زۆریان لە دژی بزوتنەوە فەڵەستینییەکان هەبووە و ئەمەش وایدەکرد کە چاودێرییەکی وردیان لە سەر غەززە و حەماس هەبێت.
ناوبراو وتی: شکستە هەواڵگرییەکەی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا منی تووشی شۆک کرد بەڵام ئەوەی زیاتر منی تووشی شۆک کرد شێوازی وەڵامدانەوە و کاردانەوەی سوپای ئیسرائیل لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەی 7 ی تشرینی یەکەم بوو و ئەوەش کە ڕوویدا پیشان دەدات کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی ئاشنایەتیی لە گەڵ ئەزموونی شەڕی وشکانی نییە.
ڕایتر کە لە ساڵانی 1991 تا 1998 وەک چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی دۆزینەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان لە عێراق بووە، وتی: هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2023 بە سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەدەی ئێستا دادەنرێت.
ناوبراو وتی: ئیسرائیل هێرشەکانی بە هێرشەکانی 11 ی سپتمبێری 2001 ەوە بەراورد کردووە و چەندین تۆمەتی وەک سەربڕینی ژنان و منداڵانی داوەتە پاڵ هێزەکانی حەماس کە ئەمانەش تۆمەتی بێ بنەمایە.
ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییەی ئەمریکا وتی: بانگەشەکانی ئیسرائیل بنەمایەکی نییە و یەک لە سەر سێی کوژراوەکانی لە ئەفسەرانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بوون و یەکەم بکوژی ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل بووە.
ڕایتر بە ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هێرشی کۆپتەرە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زایۆنیستەکان کە هەوڵی هەڵهاتنیان دەدا، وتی: فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان توانای لێک جیاکردنەوەی ئیسرائیلییەکان و چەکدارانی حەماسیان نەبووە.
ئسکات ڕایتر وتی: بەڵگە و ڤیدیۆ و شایەتحاڵەکان هەموو ئاماژەی ڕاستەقینەن بۆ ئەوەی کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان لە لایەن هێزەکانی سوپا و کۆپتەر و تانکەکانەوە کوژراون.
ناوبراو بە ئاماژە بە هێز و کاریگەریی حزبوڵڵای لوبنان لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە هەستیار و ستراتیژییەکان و هێرشی بەردەوام بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل وتی: حزبوڵڵا بووەتە هێزێکی خاوەن پێگە و ئەمەش حاشای لێناکرێت.
ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییەی پێشووی ئەمریکا وتی: ئەگەر حزبوڵڵا لە بەرەی باکورەوە دەستێوەردانی زیاتر و جیدی لەم شەڕەدا بکات حەوت هێندەی حەماس زیاتر لە بەرامبەر ئیسرائیل سەرکەوتن بە دەست دێنێت و لە سنورەکانی باکورەوە شکست بە سوپای ئیسرائیل دێنێت بە شێوازێک کە جێی سەرسوڕمانی هەمووان بێت لە بەر ئەوەی کە ساڵانێکە خۆیان بۆ شەڕی وەها ئامادە دەکەن و ئیسرائیل و ناوچەکە بە باشی دەناسن.
ڕایتر لە کۆتاییدا وتی: ئیسرائیل بەشێکی زۆری چەک و کەرەستە سەربازییەکانی بردووەتە غەززە، لە کاتێکدا کە حزبوڵڵا نزیکەی سەد هەزار شەڕکەری هەیە و زۆربەی ئەوان بە بۆنەی شەڕی سوریاوە ئەزموونێکی زۆریان هەیە. لەو بڕوایەدام کە حزبوڵڵا گەورەترین هەڕەشەیە لە سەر ئیسرائیل و ئەمەش گەورەترین شکست و تەنانەت بەرەو کۆتاییەکەی دەبێت./.