بە لای هەندێکەوە جێی سەرسوڕمانە کە چۆن هەژارترین وڵاتی عەرەبی، گەمارۆی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستیی داوە و سەرجەم هەڕەشەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و سوپاکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرچاو ناگرێت؟
ڕەنگە ئەمە جێی سەرسوڕمان بۆ ئەوانە بێت و ئەنجامی ئاسایی چەندین دەیە خۆبەدەستەوەدانە لە بەرامبەر بانگەشە و گوشارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەن حکومەتە لاوازە عەرەبییەکانەوە و وایان بە خەڵک گەیاندووە کە گەلانی عەرەبی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا پشتیوانی دەکرێت هێزێکیان نییە. لە لایەکی دیکەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی ئەنجامی ئەم گوشارەیە.
ئەمڕۆ کاتێک ئەو وڵاتە لاوازانەی عەرەب هێز و خۆڕاگریی یەمەنییەکان دەبینن و دەزانن کە چۆن هەژارترین وڵاتی عەرەبی لەوەدا سەرکەوتوو بووە بە تەنیایی گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و لە پاش زیاتر لە 70 ساڵ ئەم دیمەنەی ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەبینن، تووشی شۆک بوون.
ئەو بڕیارەی کە یەمەن بۆ ڕێگری لە گەیشتنی هەر کەشتییەک بۆ تەل ئەبیب لە دەریای سوور و نۆکەندی سویسەوە دەریکردووە، کاردانەوەکانی نەک تەنیا کۆمەڵکوژی غەززە و ئابورییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە، بەڵکوو تەنانەت ورەی ڕووخاوی هەندێک لەو سەرکردە و وڵاتە عەرەبییانەش لە ناو دەبات.
ئەمڕۆ عەرەبەکان دەبینن کە حکومەتە عەرەبییە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و دۆلارە نەوتییەکان کە سوپایەکی پڕ چەکیان هەیە و ساڵانە دەیان ملیار دۆلار فڕۆکەی شەڕکەر و چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکڕن، لە ترسی ئەمریکا و تەل ئەبیب تەنانەت ناوێرن فەردە ئاردێک بۆ برا و خوشکانی خۆیان لە غەززە بنێرن، کەچی یەمەنی هەژار ئەو هێزەی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و ئەورووپای بە هیچ زانیوە و بە پێچەوانەوە هەڕەشە لەوان دەکات و بڕیار دەدات کە ڕژێمی تەل ئەبیب لە ڕووی دەریاییەوە گەمارۆ بدات. هەر بۆیە عەرەبەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە هێز تەنیا لە چەکدا نییە بەڵکوو لە ئیرادەدایە و دەوڵەمەندی بە نەوت و دۆلار نییە بەڵکوو بە بوێرەی و کەرامەتە.
بێگومان یەمەن هەژار نییە بەڵکوو ئەم وڵاتەیان هەژار کردووە. وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا باش ئەم خەڵکە قارەمان و خۆڕاگرەی یەمەن دەناسن.
ئەمڕۆ یەمەن ئەوەی بە وڵاتانی عەرەبی و جیهان سەلماندووە کە هەژاریی ڕاستەقینە نەبوونی پیاوەتی و بوێرییە و دەوڵەمەند کەسێکە کە لە بڕیارە سیاسییەکاندا سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە بێت. هەژار کەسێکە کە خۆی و وڵاتەکەیی بە ئەمریکا و زایۆنیستەکان فرۆشتووە. بە ڕاستی کە لە پاش ئەم وانە لەبیرنەکراوەی یەمەن کێ هەیە بڕوای بەوە نەبێت کە یەمەنییەکان دەوڵەمەندترین گەلی عەرەبن لە ڕووی کەرامەت و بوێری و ئازایەتییەوە؟/.