بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەیفوڵڵا شامی وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن هۆشداریی دایە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و وتی: هەر هێرشێکی سەر هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە کردنە ئامانجی پێگە هەستیارەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی وەڵام دەدەینەوە.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێگری لەو کەشتییانە دەکرێت کە دەیانەوێت بگەنە بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن سەبارەت بەمە وتی: ئەمە بەیاننامەیەکی مێژووییە بۆ یەمەن، وڵاتێک کە گەمارۆ دراوە و چەندین ساڵە شەڕی بە سەردا سەپێندراوە بەڵام ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و بە تایبەت غەززە هاتووەتە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە زایۆنیستەکانەوە.
شامی وتی: بەیاننامەکەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن وەک پشتیوانییەک بۆ برا تێکۆشەرەکانی ئێمە لە غەززە و فەڵەستین بە گشتی دەرکراوە.
ناوبراو وتی: بەئامانجگرتنی کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی قۆناغی یەکەم و کاریگەر لەم شەڕەدا بووە و ئەمڕۆ دوژمن هەوڵیداوە کە کەشتییەکانی وڵاتانی دیکە بەکار بێنێت، هەر بۆیە هەڕەشەی کردنە ئامانجی ئەو کەشتییانەش چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە کە دەیانەوێت بگەنە بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بۆ هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەبنە ئامانجێکی ڕەوا.
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن وتی: ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بەوە گەیشتوون کە ئەگەر وەڵامی هێرشی هێزەکانی یەمەن بۆ کەشتییە ئیسرائیلییەکان بدەنەوە، کاردانەوەی زۆری بە دواوە دەبێت و زیاترین زیانیان بەردەکەوێت، لە بەر ئەوەی کە ئێمە ماوەی 9 ساڵ شەڕمان کردووە و ئەوان ڕاستەوخۆ شەڕی دژ بە گەلی یەمەنیان کردووە و ئێستا دەزانن کە ئەگەر وەڵام بدەنەوە زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییەکانیان دەگات و پێگە هەستیارەکانیان دەکەینە ئامانج.
زەیفوڵڵا شامی وتی: چالاکییە سەربازییەکانی ئێمە زیاتر دەبن و شەڕەکە زیاتر لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو پەرە دەستێنێت و لە وەها دۆخێکدا ئەوان دۆڕاو دەبن.
وتیشی کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن بانکێکی زانیاری گەورەیان لە پێگە هەستیارەکان و خاڵە لاوازەکانی دوژمن هەیە و بەدواداچوون بۆ سەرجەم جموجوڵە نێودەوڵەتییەکان، ئەمریکییەکان و زایۆنیستییەکان دەکەن و هەروەها چەکی وەهاشیان هەیە کە دەتوانن ڕێگری لە هەر جوڵەیەکی دوژمن بکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی چالاکییە سەربازییەکانی یەمەن لە دژی خۆیان لە میدیاکانیان بڵاو ناکەنەوە./.