بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا ئەمڕۆ پێنج شەممە 7 ی کانوونی یەکەمی 2023 لە شاری مۆسکۆ بەڕێوەچوو.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا وتی: بە ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا گەشتم دەکرد و پێم خۆش بوو کە لەوێوە بگەمە تاران و لە گەڵ بەڕێزتان کۆببمەوە بەڵام ئاگادار کرامەوە کە بەڕێزتان پێتان خۆش بووە سەردانی مۆسکۆ بکەن.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بە باشی بەرەو گەشەسەندن دەڕوات، گەرمترین سڵاوی من بە ڕێبەری باڵای ئێران بگەێنن، بەڕێزیان لە پەیوەندییەکانی ئێمە پشتیوانی دەکەن و ئێمە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی خۆمان دەبینین.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاڵا لە نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 20 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 5 ملیار دۆلار.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕایگەیاند: منیش خۆشحاڵم لەوەی کە لە مۆسکۆم و لە کۆبوونەوەم لە گەڵ بەڕێز پوتین و بە دڵنیاییەوە کە باس لە بابەتە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکەین.
ناوبراو وتی: لە سەرجەم بوارەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گەشە و پێشکەوتنی هەبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: دانوستانەکانمان دەتوانێت هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات بەرەوپێش ببات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەبارەت بەوەی کە لە غەززە ڕوو دەدات، وتی: ئەوەی کە مرۆڤایەتی ئازار دەدات تاکجەمسەری و سیستەمی نادادپەروەری جیهانییە کە نموونەی ئەمەش لە غەززە و فەڵەستیندا ئەمڕۆ بەدی دەکرێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە لە فەڵەستیندا ڕوو دەدات کۆموڵکوژی و تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و جێی داخە کە زیاتر لە 6 هەزار منداڵی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە شەهید کراون.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی غەززە بە بەرچاوی جیهانیانەوە دەکرێت و ئەم تاوانانە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت./.