بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوو ساڵ پێش ئێستا و کاتێک محەممەد بەخیتی لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵی جزیرەدا ڕایگەیاند کە یەمەنییەکان بە پێی فەرموودەی قورئان قودس ئازاد دەکەن، هەندێک بە تایبەت پێشکەشکارەکەی کەناڵی جزیرە گاڵتەیان بەم قسەیە دەکرد و بە جیدی سەیریان نەدەکرد بەڵام ئەمڕۆ دەبینن کە یەمەن، ئەو وڵاتەی کە خۆی بە تەواوی لە لایەن هاوپەیمانی ئەمریکی – سعوودی گەمارۆ دراوە، بە شێوازی جیدی و کاریگەر هاوکاری غەززە دەکات.
هۆشدارییەکان بوونە کردار
سەرەتای شەڕی غەززە (7 ی تشرینی یەکەمی 2023) کە سەنعا هۆشداریی دایە ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەگەر ئەو ڕژێمە هێرشی وشکانی بکاتە سەر غەززە، ڕوبەڕوی هێرشی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەبێتەوە، دیسانەوە هەندێک ئەم هۆشدارییەیان بە جیدی وەرنەگرت. بەڵام تەنیا سێ ڕۆژ پاش هێرشە وشکانییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر غەززە لە 31 ی تشرینی یەکەمی 2023، بە چەندین درۆن و مووشەک، بەندەر و شاری ئیلات لە باشوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کرایە ئامانج و ئەوەشی پیشاندا کە بە پێچەوانەی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی، بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سەنعا قسەکانیان دەکەنە کردار.
بە بەرەوپێشچوونی شەڕەکە، هێرشەکانی یەمەن بۆ سەر بەندەری ئیلات زیاتر بوو. بە پێی ئەوەی کە هێرشەکان هێندە گەورە نەبوون ئیسرائیل وەڵامی نەدایەوە و ڕێگری لەوە کرد بەرەیەکی دیکەی شەڕ بە ڕووی خۆیدا بکاتەوە. یەمەن ڕایگەیاند کە موڵەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە دەریای سوور و گەروی بابولمەندەب نادات.
19 ی تشرینی دووەمی 2023، کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی گەلکسی لیدەر کە سەر بە بازرگانێکی زایۆنیستە لە لایەن سەنعاوە ڕاگیرا. هێزەکانی یەمەن ئەو کەشتییە بازرگانییەیان بۆ کەناراوەکانی وڵاتەکەیان گواستەوە تا کەشتییەکانی دیکەی ئەو ڕژێمە بخەنە بۆسەوە. یەک شەممە 3 ی کانوونی یەکەمیش یەمەن هێرشی سەر دوو کەشتی دیکەی ڕاگەیاند. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە دوو کەشتی بە ناوەکانی یۆنیتی ئێکسپلۆرر و نامبر ناین کراونەتە ئامانج. یەکەمیان بە مووشەکێکی هێزی دەریایی و ئەوی دیکەش بە درۆنێکی هێزی دەریایی ئەم وڵاتە.
بەندەری ئیلات لە ژێر گوشارەکانی یەمەندایە
پاش ئەم هەنگاوەی یەمەن، بەندەری ئیلات کەوتە ژێر کاریگەری گوشارەکانی یەمەنەوە. گوشارەکان هێندە زۆر بوون کە پێگەی گالۆب ڕۆژی یەک شەممە ڕایگەیاند بەندەری ئیلات گەورەترین دۆڕاوی شەڕی بەندەرەکانە. شەڕ زیانێکی زۆری ئابوریی گەیاندەووەتە ئەم بەندەرە. سەرچاوە ئاگادارەکان لە بەشی پیشەسازیدا دەڵێن کە ئەگەر حکومەتی تەل ئەبیب هەنگاوێک هەڵنەگرێت فەرمانبەران و کرێکارانی بەندەرەکە دەچنە ماڵەوە و دەبێت دەرگاکەی دابخرێت.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێن زیاتر لە ڕێگای بەندەری ئیلاتەوە دەکرێت. لە کاتێکدا کە هەر سێ مانگ 37 تا 47 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرا، ئەم ژمارەیە لە مانگی تشرینی یەکەم گەیشتە 9 هەزار ئۆتۆمبێل. وەزارەتی گواستنەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ئاماری تشرینی دووەمی بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام بە دڵنیاییەوە کە ڕووی لە دابەزینی زیاتر کردووە. ئەو 21 هەزار ئۆتۆمبێلەش کە بڕیار بوو مانگی کانوونی یەکەم هاوردەی ڕژێمی زایۆنیستی بکرێت زیاتر لە ڕێگای بەندەری حەیفاوە هاوردە دەکرێت.
ئەگەرچی شارەزایانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە دابەزینی ئەم ئامارە پەیوەندی بە کۆتایی ساڵەوە هەیە بەڵام کاریگەری شەڕی غەززە لە سەر دۆخی ئابوری ڕژێمی داگیرکار بە تەواوی ئاشکرا بووە.
بوونی بەندەری حەیفا وەک جێگرەوەی بەندەری ئیلات لە ڕووی مەودا و تێچووی گواستنەوەی زیانی بە زایۆنیستەکان گەیاندووە. ئاسۆی جیۆسیاسی بەندەری ئیلات بەرەو تارمایی زیاتر دەڕوات. کۆمپانیاکان ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا ناتوانن بە دەریای سووردا تێپەڕ ببن و بە ناچار دەبێت ڕوو لە ڕێگای جێگرەوە بکەن کە ئەویش کاتێکی زۆری دەوێت.
بەرپرسانی بەندەری ئیلات دەڵێن کە لەم ڕۆژانەدا کەشتییەک نەهاتووەتە بەندەرەکە. جەدعون گوڵبار بەڕێوەبەری بەندەرەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە هەڕەشەی یەمەنییەکان کاریگەریی لە سەر کەشتییەکان داناوە، چ ئەوانەی لە دەریای سوورەوە دێن و چ ئەوانەی کە لە دەریای مەدیتەرانەوە دێن.
زیاتربوون باجەکان لە ئەورووپاوە و گوشارەکان لە یەمەنەوە
وڵاتانی ئەورووپی پێشتر تێچووی گواستنەوەیان بۆ بەندەری ئیلات زیاتر کرد و گوشار و هەڕەشەی یەمەنییەکانیش بووە هۆی ئەوەی کە کەشتییەکان لە جێی دەریای سوور و نۆکەندی سویس، لە ڕێگای ئەفریقا و مەدیتەرانەوە کاڵاکان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بگوازنەوە. دانیێل شامل پەیامنێری زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە کەرتی گواستنەوەی دەریایی ئیسرائیل لەم ڕۆژانەدا لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە تووشی کێشەی جیدی بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە بووەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە گوشار و هەڕەشەی یەمەنییەکانیش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەشتییانەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی جیهانەوە دێن، بە ناچار لە بری دەریای سوور و نۆکەندی سویس، بە ئەفریقادا بگەڕێنەوە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی. بۆ نموونە، لەم بارودۆخەدا کەشتییەک ئەگەر لە چینەوە بیەوێت بگاتە بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، دوو مانگ کاتی دەوێت و بەمەش تێچووەکانی چەندین هێندە زیاتر دەبێت.
پەیامنێرە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە هەڕەشەکانی یەمەن کاریگەریی کردووەتە سەر جموجوڵی ئەو کەشتییانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێن، کەشتییەکانی چین، هیندستان و ژاپۆن، ئەوان ناچارن ڕێگایەکی دوور و درێژ ببڕن تا دەگەنە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین.
لەم باردۆخەدا بەڕێوەبەری بەندەری ئیلات ڕایگەیاندووە کە ئەگەر حکومەتی تەل ئەبیب هەنگاوێک هەڵنەگرێت بە ناچار دەبێت دەرگای بەندەرەکە دابخرێت و ئەمەشی بە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە کابینە توندڕەوەکەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاندووە. ئەگەرچی ڕەنگە بە هۆی هاوکاری دارایی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت عەرەبی ناوچەکە لە ئێستادا بەندەرەکە دانەخرێت بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی ئەوە دەزانێت کە بە بەرزبوونەوەی تێچووەکانی شەڕی غەززە، بودجەی ساڵی 2024 ڕوبەڕوی کێشەی جیدیی دەکاتەوە و بە ناچار دەبێت بودجەی چەندین بەش بۆ دابینکردنی تێچووەکانی شەڕ کەم بکرێتەوە، ئەوەش لە ڕێگای بەرزکردنەوەی باجی ناوخۆیی و قەرزکردنی دەرەکی یان هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە دەبێت، هەر بۆیە کەرتی ئابوری ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بەرگەی بەردەوامیدان بە شەڕ و زیاتربوونی تێچووەکانی نییە.
ئەو گوشارەی کە لە لایەن یەمەنەوە خراوەتە سەر بەندەری ئیلات، کاریگەری بەرچاوی هەبووە و ڕەنگە بگاتە ئەوەی کە تەل ئەبیب بە ناچار واز لە شەڕی غەززە بێنێت، ئەو شەڕەی کە تا ئێستا هیچ یەک لە ئامانجەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەی تێدا مسۆگەر نەکراوە و تەنیا خەڵکی ئاسایی، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانەکانی غەززەی کردووەتە ئامانج.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەزیری گواستنەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بەندەری ئیلاتی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم بەندەرە ڕادەستی کەرتی تایبەت کراوە و موڵەتی داخستنی نادرێت، لە بەر ئەوەی کە بەندەرەکە بە شاڕێگای ئابوریی تەل ئەبیب دادەنرێت. شارەزایان دەڵێن گوشارە دەریاییەکانی یەمەن چەکێکی کاریگەرە لە دژی ڕژێمی داگیرکار و منداڵکوژی زایۆنیستی./.