بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی زایۆنیستیی جرۆزاڵم پۆست لە سەر زاری بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە ڕایگەیاندووە کە یەحیا سنوار سەرکردەی حەماس لە غەززە و محەممەد زەیف فەرماندەی کەتیبەکانی عێزەدەین قەسام ئاگاداری ئەوە بوون کە لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێن و کەڵکیان لە شێوازی زۆر نهێنی بۆ ناردنی پەیام وەرگرتووە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە دەزگای مۆساد، دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی شاباک، دەزگای هەواڵگری سەربازی و تەواوی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئاگاداری ئەم بابەتە نەبوون و بەو شێوە سنورەکانیان لە زەوی و ئاسمانەوە بە بێ بەرگری نەدەهێشتەوە.
جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە بە پێی هەڵسەنگاندنی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بزوتنەوەی حەماس بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 بە تەواوی ئامادە بووە و پلانی فریودانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیلی جێبەجێ کردووە.
ئەو سەرچاوانە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە ڕەنگە وردەکاری و ڕێکارەکانی تایبەت بەم ئۆپەراسیۆنە لە ڕێگای بینینی ڕاستەوخۆ و شێوازەکانی دیکەوە ئاڵوگۆڕ کرابێت و بە تێڕوانینێک لە ڕابردوو بەوە دەگەین کە دەزگا هەواڵگرییەکان شتی وەهایان پێشبینی نەکردووە، لە بەر ئەوەی کە پلانی جێگرەوەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کەرتی غەززە دەخستە بواری جێبەجێکردنەوە.
جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2018 ئامێری سیخوڕی لە هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی حەماسدا بەکار هاتووە کە دواتر ئاشکرا بوون و ڕەنگە حەماس بەوە گەیشتبێت کە شێوازەکانی شەڕی هەواڵگری تەل ئەبیبی ناسیبێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە دۆزینەوەی ئامێرە سیخوڕییەکان لە بنکە سەربازییەکانی حەماس بە شکستێکی ستراتیژی بۆ مۆساد و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی ئیسرائیل دادەنرێت.
هاوکات ئەفسەرێکی باڵا لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا شکستی هێناوە و ئاگاداری ئەو پلانە نەبووە کە لە بەرامبەر چاوەکانیدا داڕشتنی بۆ کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە تەل ئەبیب نازانێت یەحیا سنوار سەرکردەی حەماس لە غەززە کەی بڕیاریدا کە پلانەکەی جێبەجێ بکات و هۆکارەکەشی نازانرێت./.