بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 6 هەزار منداڵی غەززە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە و هەزاران منداڵی دیکە بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی هێرشی زایۆنیستەکانەوە ڕۆژانە دەمرن و زیندوو دەبنەوە.
ئاستی دڕندەیی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرش و بۆردومانەکانی کەرتی غەززە وایکردووە کە ڕای گشتی جیهان پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان و دژایەتی زایۆنیستەکان بکەن و تا ئێستا لە 93 وڵاتی جیهان خۆپێشاندانی پشتیوانی لە خەڵکی غەززە و داواکاری ڕاگرتنی شەڕ بەڕێوەچووە.
سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییە جیهانییە، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات بۆ کاروباری دیپلۆماسی بە ئاشکرا پشتیوانی لە زایۆنیستەکان کردووە. ئەنوەر قەرقاش شەڕی ئێستای غەززەی بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس ناو بردووە و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی بێ ناوەڕۆک باسی غەززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان کردووە.
بەم هەموو تاوانەی زایۆنیستەکانەوە، سەرۆکی ئیمارات بە پاساوی بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کەشوهەوا ناسراو بە COP28 پێشوازیی لە ئێسحاق هێرتزۆگ سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و فەرشی سووری بۆ راخست.
بە بۆچوونی شارەزایان، کوشتاری خەڵکی غەززە ئەمجارە نەک لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە بەڵکوو لە ئیماراتەوە بەڕێوە دەبرێت./.