حاجی کاروان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند: سەبارەت بە هاوکارییەکان بۆ غەززە، لە کوردستان و هیچ وڵاتێکی دیکە کاڵا و پێداویستییەکان ناڕوات، مەگەر لە ڕێگای حکومەتەکانەوە بێت، حکومەتەکانیش خۆیان فڕۆکە دەنێرن بۆ وڵاتی میسر.
ناوبراو وتی: پاش بانگەوازەکەی ئێمە، خەڵکانێکی زۆر پێشوازییان کرد، ئەوان بە پێی توانای خۆیان هاوکارییان هێنا، تەنیا پارەمان کۆکردەوە، ئەوەی بە دەستمان گەیشتووەتە لە خودا بە زیاد بێت رۆژ بە ڕۆژ ناردوومانە، شێوازی ناردنەکەش لە ڕێگای چەند ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە بووە کە لە ناو غەززەن بە ناوەکانی ویژدان و ناسر و ڕێکخراوی دیکەش کە هەموویان جێی متمانەن و لقیان لە قەتەر و تورکیا هەیە.
حاجی کاروان وتی: لە گەڵ نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوانە قسەمان کردووە، هەروەها لە گەڵ ناوخۆی خۆشمان قسەمان کردووە کە لە ناو غەززەن، باشوری غەززە هێشتا کەرەستە و پێداویستیی تێدا ماوە و دەتوانن شت بکڕن بەڵام ئاوارەکان بۆیان ناکڕدرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەوان بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، ئەوەی تا ئێستا کردوومانە زیاتر لە 10 دەفتەر دۆلار بووە، لە ناو غەززە شتمان کڕیوە. شتەکانیش وەک سەبەتەی خۆراک بووە کە هەر سەبەتەیەک بایی 30 تا 35 دۆلار بووە. بۆ خان یونسیش بایی 3 دەفتەر دۆلار پێداویستی پزیشکیمان ناردووە کە لەوێ کڕیومانە، هەروەها پێداویستی پاککەرەوە، جگە لەمانەش تا ئێستا سێ ژەمی خواردنی گەورە لە ناو قوتابخانەکان کە خەڵکێکی زۆریان تێدایە، ئەنجام دراوە.
ڕاشیگەیاند کە سەبەتەی خۆراکی دیکەمان درووست کرد بۆ ئاوارەکان کە کاتێک لە باکورەوە بەرەو باشور هاتن لەوێ هەر لە سەر جادە پێمان دان، نوێنەرمان لە میسرە، بە تەماین لە میسرەوە چەندین بارهەڵگر کە پاکێجمان بۆ هاتووە، پێداویستییەکان لەوێ بکڕین، هاوکارییەکانمان لە مسیرەوە دەگاتە ڕەفەح و لەوێش لە ڕێگای کەسی خۆمانەوە ڕەوانەی غەززە دەکرێت، ئەوەی بە دەستمان گەیشتووە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا ڕێگا بکرێتەوە، شاحینەکان بەڕێ دەکەون.
وتووێژ: کامەران کەریم