بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی سەبارەت بە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: خۆڕاگریی فەڵەستین لە ڕۆژی سێهەمی شەڕی سەرکەوتووانەی زریانی ئەقسا ئامادەیی خۆیی بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی و ڕێگری لە ئابڕوچوونی زیاتر، ئاگربەستی قبووڵ نەکرد و هێرشی وشکانیی کردە سەر کەرتی غەززە و هەوڵیدا لەم ڕێگایەوە بە ئامانجەکانی بگات.
ناوبراو وتی: خۆڕاگریی فەڵەستین لە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی شەڕی زریانی ئەقسا ڕایگەیاند کە بە ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەیشتووە و ئەمەش لە ڕێگای شکستی دوو باڵی ئەمنی و هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستییەوە بووە کە تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا گرنگییەکی زۆری پێدراوە.
سەدرحوسێنی وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ساڵانێک تاوان و دەسدرێژی زایۆنیستەکان بووە. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 48 ڕۆژ شەڕی غەززە تووشی زیانێکی زۆر بووە و بە شەڕی وشکانیش هیچ یەک لە ئامانجەکانی بۆ مسۆگەر نەکراوە، هەر بۆیە زیاتر لە خۆڕاگریی فەڵەستین پێویستی بە ئاگربەست هەبووە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە وتی: خۆڕاگریی فەڵەستین بە ئاگربەستی غەززە و مەرجەکانی، ئیرادەی خۆی بە سەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستیدا سەپاند، ئەو ئیرادەیەش لە گەڵ پشتیوانی بوێرانەی خەڵکی غەززە لە خۆڕاگری بووە هۆی زاڵبوون بە سەر تەواوی هاوکارییە سیاسی و سەربازی و میدیایی و داراییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی.
ناوبراو سەبارەت بە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: ئەم پڕوپاگەندەی زایۆنیستەکان بایەخێکی ئەوتۆی نییە و ئەو ڕژێمە بە هیچ دەسکەوتێکی سەربازیش نەگەیشتووە و زیانەکانی هێندە زۆر بوون کە دەستپێکردنەوەی شەڕ بە ئاسانی بۆی تێپەڕ نابێت.
ڕاشیگەیاند کە خۆڕاگریش ئامادەیە و وەڵامی هەر هێرشێکی ڕژێمی زایۆنیستی دەداتەوە.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی وتی: گوشارە ئابورییەکانی ئەم شەڕە هێندە زۆرە کە وەزیری دارایی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە ڕۆژانە 600 ملیۆن دۆلار زیان بە بەشە جیاجیاکانی ئەو ڕژێمە دەگات.
ناوبراو جەختی لە سەر دۆڕانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە کردەوە و وتی: لە ماوەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی غەززە، لە 92 وڵاتی جیهان زیاتر لە 4 هەزار خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی تەل ئەبیب بەڕێوەچوو. لە ڕاستیدا زایۆنیستەکان خۆیان لە چەند بەرەدا بە دۆڕاو دەبینن، بەرەی سەربازی، سیاسی، ناوخۆیی و نێودەوڵەتی./.