بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە کەسێک بەپەلە باسی کۆتایی هاتنی حەماسی کردووە، بەڵام ڕووداوەکان پیشاندەری ئەوەن کە حەماس بە سەر کەرتی غەززەدا زاڵە. (وەک ئاماژەیەک بۆ لێدوانەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی).
ئەو کەناڵە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بانگەشەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ کۆتایی هاتنی حەماس لە غەززە، بەڵام ئەم گرووپە لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە ئاگربەست لە باکور و باشوری غەززە بە سەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت.
ڕاشیگەیاندووە کە تتانیاهۆ بانگەشەی ڕەتکردنەوەی ئاگربەستی پێش لەناوچوونی حەماس دەکرد بەڵام ئێستا دۆخەکە شتی دیکەیە.
کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە دیلە ئیسرائیلییەکان هاوکات ئازاد کران و ئەمەش بە واتای بوونی پەیوەندی حەماسە لە گەڵ گیراوانی خۆی و ئەو پەیوەندییە بە هۆی شەڕەوە نەپچڕاوە.
ئەو کەناڵە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکان، حەماس لە کەرتی غەززە بەهێزە و زاڵە بە سەر دۆخەکەدا و لە ئاستی سەرکردایەتی و کارگێڕیدا ئیش و کارەکان بەڕێوە دەبات./.