بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا لە پەیامێکدا بە ئاماژە بە تێپەڕکردنی سەرکەوتووانەی سیستەمەکانی بەرگری دوژمن لە لایەن درۆن و مووشەکەکانی خۆڕاگری ئیسلامی عێراقەوە، ڕایگەیاند: بە یارمەتی خودای گەورە، چەکەکانی خۆڕاگری لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان و هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بکەنە ئامانج.
ناوبراو ڕایگەیاند: لەم شەڕە پیرۆزەدا هەڵوێستی هەندێک کەسی ترسنۆک دەبینین کە لەوە تێگەیشتوون ئەمریکا بەرگەی هێرشەکان ناگرێت و بیر لە کشانەوە لە عێراق دەکاتەوە.
کەعبی ڕایگەیاند: دەنگە لەرزۆکەکانی ئەو کەسانە باشترە ببڕێت، لە بەر ئەوەی کە گەلی بەشەرەفی عێراق لە خۆپێشاندانێکی ملیۆنیدا داوای دەرکردنی داگیرکاران و ئازادکردنی عێراقیان لە ژێر دەستی ئەوان کردووە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نۆجەبا ڕایگەیاند کە بە دەرکردنی داگیرکاران، کۆتایی بە هەموو پیلان و ئاژاوەگێڕییەکان و هەژاری و دواکەوتنی عێراق دێت و وڵات بەرەو گەشە و پێشکەوتن و ئازادی و سەقامگیری دەسەڵاتی نیشتمانی هەنگاو دەنێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەوڵێکی نیشتمانیی پێویستە تا بگەینە ئەم دەسکەوتە مەزنە./.