بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بۆ محەممەد زەیف فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام، ڕایگەیاند: حەماسەتێکی گەورەتان بە ناوی زریانی ئەقسا خوڵقاند کە لاوازی و تێکشکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بە ڕوونی خستەڕوو و ئەوەتان پیشاندا کە ڕژێمی زایۆنیستی لەوپەڕی لاوازیدایە.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بۆ پێناسەکردنی حەماسەتە گەورەکەی بزوتنەوەی حەماس، تەنیا ئەوە بەسە کە دۆست و دوژمن دان بەوەدا دەنێن کە دۆخی فەڵەستین و ناوچەکە پاش زریانی ئەقسا وەک ڕابردوو نابێت.
لیوا قائانی ڕایگەیاندووە کە دوژمنی تاوانبار هەوڵیداوە بە کوشتاری دڕندانە و بێ وێنەی خەڵکی سڤیل لە غەززە تۆڵەی ئەم شکستە بکاتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی گەورەبوونی شکستەکەی و ڕیسواییەکی ئەخلاقی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و ئەوانەی کە بە درۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن و لە ڕاستیدا پشتیوانی تاوانەکانی زایۆنیستەکانن.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم سەرکەوتن و دەسکەوتە مەزنە بووە هۆی هیوایەکی زۆری تێکۆشەرانی خۆڕاگری بەوەی کە ئازادکردنی مزگەوتی ئەقسا و پاککردنەوەی لە بوونی زایۆنیستەکان لە هەر کاتێکی دیکە نزیک بووەتەوە.
لیوا قائانی لە کۆتاییدا دڵنیایی بە محەممەد زەیف داوە کە برایانی ئەوان لە بەرەی خۆڕاگری و بە تایبەت لە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی پێویست بێت لەم شەڕە مێژووییەدا دەیکەن./.