بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد هندی جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە، وتی کە ئەگەر ڕۆژانی شەڕ و دەسدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە درێژەی هەبێت، ناچار بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەبێت.
ناوبراو وتی: ڕەوتی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تەنیا پەیوەندی بە جیهادی ئیسلامی و حەماسەوە نییە بەڵکوو پەیوەندی بە تەواوی گەلی فەڵەستینەوە هەیە، لە بەر ئەوەی کە زیاتر لە 6 هەزار فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدان کە سەرکردەکان و خەباتگێڕانی ئەم گەلەن.
ئەو بەرپرسەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین سەبارەت بە بەشداری باڵی سەربازی ئەم بزوتنەوەیە لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا وتی: سەرایا قودس لە ڕووی سەربازییەوە لە دۆخێکی باشدایە و لە ئاستی مەیدانیدا درێژە بە ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەدات.
محەممەد هندی وتی: سەرایا قودس درێژە بە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر قووڵایی ڕژێمی زایۆنیستی و شارۆچکە داگیرکراوەکانی نزیک کەرتی غەززە دەدات، هێزەکانمان ورەیان بەرزە و بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادەن.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی وتی: هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لە کۆبوونەوەی قاهیرە کە تەنانەت لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون دڵۆپە ئاوێک بێننە کەرتی غەززە، نە بۆ ئیسرائیل و نە بۆ ئەمریکا هیچ بایەخێکی نییە./.