بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕۆژی دووشەممە 6 ی تشرینی دووەمی 2023، لە چاوپێکەوتنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری، وێڕای ستایشکردنی هەڵوێستی باش و بەهێزی گەل و حکومەتی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە، جەختیان لە سەر پێویستی گوشارە سیاسییەکانی جیهانی ئیسلام بۆ سەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی ڕاگرتنی کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی غەززە کردەوە و وتیان: عێراق وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە دەتوانێت لەم بوارەدا ڕۆڵی تایبەتی هەبێت و هێڵێکی نوێ لە جیهانی عەرەب و ئیسلام دابین بکات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دڕندەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بۆردومانکردنی غەززە، وتی: لە هەمان ڕۆژانی سەرەتایی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنسیتییەوە ئاشکرا بوو کە ئەمریکییەکان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە بەڕێوەبردنی ئەم شەڕەدا هەیە و بە تێپەڕبوونی کاتیش ڕۆڵ و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی غەززە زیاتر ڕوون بووەتەوە.
بەڕێزیان وتیان: ئەگەر هاوکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا نەبێت، ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت بەردەوام بێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەمریکییەکان لە ڕاستیدا هاوبەشی تاوانی زایۆنیستەکانن لە غەززە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان کردەوە کە سەرەڕای ئەو کوشتارەی کە لە غەززەدا کراوە، ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا شکستی هێناوە و نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا ناتوانێت قەرەبووی ئەم شکستە گەورەیە بکاتەوە.
لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بە هەنگاوێکی قارەمانانە ناو برد کە بووەتە هۆی خۆشحاڵی سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهان و وتی: لە گەڵ ئەم خۆشحاڵییەدا لە کوشتاری دڕندانەی غەززە کە تۆڵەکردنەوەیەکی بەکۆمەڵە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی، بە تەواوی دڵگران بووین.
ناوبراو وتی: گەل و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پرسی غەززە لە ڕیزی یەکەمی پشتیوانی لەم خەڵکە زوڵملێکراوەدان و حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆری سیاسیی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکان لە غەززە هەبووە.
سودانی ڕەخنەی لە بێدەنگی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ئەوانەی بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، گرت و وتی: هەوڵەکانی ئێمە لە پێناو ڕاگرتنی بۆردومان و هێرشەکان و پاشان ناردنی پێداویستییەکانە بۆ خەڵکی غەززە و لە دانوستانەکان لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەم بوارەدا هاوئاهەنگی کراوە./.