بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: غەززە دەبێت پاش کۆتایی ئەم شەڕە بەشێک لە وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستینی بێت و ئەنکەرە پشتیوانی لە مۆدێل و پێشنیارانە ناکات کە هەوڵی سڕینەوەی فەڵەستینییەکان لە مێژوودا دەدەن.
ناوبراو وتی: تورکیا ئامادەیە پاش شەڕ و پێکدادانەکان وەک وڵاتێک دەستەبەری غەززە بکات.
ئەردۆغان وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین غەززە بە ئاشتیخوازی، بەشێک لە وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین بە یەکپارچەیی خاک و بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات لە سنورەکانی 1967 ببینین.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها وتی کە سەرۆکی دەزگای میت لە گەڵ بەرپرسانی فەڵەستین، ڕژێمی زایۆنیستی و حەماس لە پەیوەندیدایە.
ناوبراو وتی: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی ئیسرائیل وەک هاوتا و لایەنی بەرامبەر لە دانوستانەکاندا بە لاوە نراوە بەڵام پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان وتی: نتانیاهۆ چیدی ئەو کەسە نییە لە گەڵیدا وتووێژ بکەین، ئەومان بە لاوە ناوە، سەبارەت بەم بابەتە لە پاش کۆبوونەوەی داهاتووی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بڕیار دەدەم، کۆبوونەوەی داهاتووی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ڕیاز لە پێناو هەوڵەکانی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە گرنگ دەبێت.
ڕاشیگەیاند کە تورکیا هەوڵ دەدات پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بباتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە وتی: جیهان چاوی بە ڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ژێرخانی تەندرووستی کەرتی غەززە داخستووە و منداڵان و کەسانی سڤیل دەکوژرێن./.