بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەردانی پارێزگای کوردستانی کردووە، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فەرمی پرۆژەی هێڵی ئاسنی هەمەدان – سنە وتی کە ئەم پرۆژەیە پاش 17 ساڵ لە سەر دەستی کابینەی سێزدەیەم گەیشتە ئەنجام و دەمانەوێت تا خاڵی سنوری باشماخ درێژەی پێبدەین.
ناوبراو وتی: خزمەتکردن بەم خەڵکە بۆ حکومەت و تەواوی بەرپرسان شانازییە و بەردەوام بۆ ئاسوودەیی ئەوان لە هەوڵ و تێکۆشانداین.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: یەکێک لە ئامرازەکانی گەیشتن بە ئێرانێکی بەهێزتر، بوونی ژێرخانێکی بەهێزە، ئەگەر ژێرخانەکان تەواو بکرێن لە بەشەکانی دیکەدا دەتوانین بەرەو گۆڕانکاری بڕۆین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەمڕۆ لە گەڵ کردنەوەی ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی هێڵی ئاسنی سنە – باشماخ دەست پێدەکەین و هیوادارین کە ئەم هێڵە ببێتە هێڵێکی نێودەوڵەتی.
هاوکات مهرداد بەزرپاش وەزیری ڕێگاوبان و نیشتەجێبوونی ئێران ڕایگەیاند پرۆژەی هێڵی ئاسنی سنە – باشماخ دەبێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی لە بواری ترانزێت و بە دەرفەتێکی زۆر گرنگ دادەنرێت./.