بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موئیر جاودانفەڕ مامۆستای زانکۆی ڕایخمەن بە ڕادیۆی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە شەڕی ئێستای غەززە چەندین قوربانیی هەبووە، قوربانی یەکەم، دەزگا ئەمنییەکان و سوپای ئیسرائیل بوون. خەڵک ئەوەیان قبووڵ نییە کە سەرەڕای ئەو هەموو بودجەیە بۆ دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەکان تەرخان دەکرێت، هێندە بە لاوازی دەربکەون و ئاگاداری ئامادەکارییەکانی حەماس بۆ هێرشەکەی 7 ی تشرینی یەکەم نەبوون. دووەم قوربانیش بەرپرسانی حکومەتەکەی نتانیاهۆن کە ناڕەزایەتییەکی زۆریان لە ئیسرائیل هێناوەتە پێشەوە.
ناوبراو وتی: یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە کە هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لەم شەڕەدا قبووڵ نەکردووە و ئەمەش بۆ ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو باجێکی قورسی دەبێت.
جاودانفەڕ ڕایگەیاندووە کە پارتی لیکود لە دوایین هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا 33 کورسیی بە دەست هێنا بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت لەوانەیە تەنیا 19 کورسی بە دەست بێنێت و ئەمەش شکستێکی گەورەیە بۆ نتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی./.