بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕزوانی فەڕ وتی: کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەم 7 مانگەی ڕابردوودا 100 ملیۆن و 400 هەزار تەن بووە و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 23.71 بەرزبوونەوەی هەبووە.
سەرۆکی دەستەی گومرکی ئێران سەبارەت بە هەناردەی نانەوتیش وتی: لەم 7 مانگەدا 79 ملیۆن و 500 هەزار تەن جۆرەکانی کاڵا بە بەهای 28 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 29.32 لە کێشدا بەرزبوونەوەی هەبووە و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا کەمتر لە یەک دابەزینی هەبووە.
ڕزوانی فەڕ وتی: لەم ماوەیەدا 20 ملیۆن و 900 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 36 ملیار دۆلار هاوردەی ئێران کراوە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 6.21 و لە ڕووی بەهاشەوە لە سەدا 12.61 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی هەبووە.
جێگری وەزیری ئابوری و دارایی ئێران وتی: لە 7 مانگەی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، هەناردەی بەرهەمەکانی پترۆکیمیا بە بڕی 31 ملیۆن تەن و بە بەهای 12 ملیار و 300 دۆلار بووە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 26 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 12 دابەزیوە.
محەممەد ڕزوانی فەڕ وتی: لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا گرنگترین ئامانجەکانی هەناردەی نانەوتی ئێران بریتی بووە لە چین بە 8 ملیار دۆلار، عێراق بە 5 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار و هیندستان بە یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
وتیشی کە ئەو 5 وڵاتە زیاترین هەناردەیان بۆ ئێران لەم ماوەیەدا هەبووە، بریتین لە ئیمارات بە 11 ملیار دۆلار، چین بە 10 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 3 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا بە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و هیندستان بە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.
سەرۆکی دەستەی گومرکی ئێران وتی: ڕێژەی ترانزێتی دەرەکی ئێران لە 7 مانگی ڕابردوو بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 14.97 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 9 ملیۆن و 300 هەزار تەن./.