بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر، دۆخی فەڵەستینی داگیرکراوی تاوتوێ کرد.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە زیاتربوونی تاوانی زایۆنیستەکان لە کوشتاری ژنان و منداڵانی غەززە و پچڕانی ئاو و کارەبا و پێداویستییەکانی دیکەی خەڵک، جەختی لە سەر گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین کردەوە.
ناوبراو پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای لە ڕژێمی زایۆنیستی بە گڵۆپی سەوزی تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە غەززە ناو برد و وتی: ئەمڕۆ گەلی فەڵەستین زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە پشتیوانی کاریگەر و جیدی وڵاتانی جیهان بە تایبەت یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامی هەیە تا بەردەوامی تاوانەکانەکان و کۆمەڵکوژی زایۆنیستەکان ڕابگیرێت.
تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەریش لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا ڕووداوەکانی غەززەی بە بەڵگەی ڕوونی سیاسەتی دووفاقی و ڕیسوابووی وڵاتانی ڕۆژئاوا ناو برد و وتی کە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسلامی دەتوانن بە یەکڕیزی خۆیان کۆتایی بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێنن.
میری قەتەر جەختی لە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین کردەوە و وتی: ڕژێمی زایۆنیستی سەرجەم چوارچێوە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و سڵ لە هیچ تاوانێک ناکات./.