بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیایەکی ڕۆژئاوا ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی چین بۆ واشنتن داوایکردووە پەکین لە ڕێگای پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕی ئێستای غەززە بکات.
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لەم ماوەیەدا بە سەردانێکی سێ ڕۆژە لە واشنتن بوو و لە گەڵ ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوە و جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆبووە.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز ڕایگەیاندووە کە واشنتن سەبارەت بە شەڕی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستی، داوای هاوکاریی لە پەکین کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو میدیا بەریتانییە، ئەمریکا داوای لە چین کردووە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە و ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕی غەززە کەڵک وەربگرێت.
فاینەنشاڵ تایمز ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا نیگەرانی ئەوەیە حزبوڵڵای لوبنان و ئێران لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی بەشداری ڕاستەوخۆ لە شەڕی غەززەدا بکەن./.