بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە 26 ی تشرینی یەکەمی 2023، لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە فەڵەستین و دۆخی غەززە وتی: ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی بە بێ گرنگیدان بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی نێودەوڵەتی، لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستدان. بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چی بووە؟ بڕیارەکان تەنیا ئەوە بووە کە گەلی فەڵەستینی بە تیرۆریست ناو بردووە و مافی بەرگری لە خۆی بۆ ئەوان لە بەرچاو نەگرتووە. بڕیارەکان تەنیا پشتیوانییان لە ڕژێمی زایۆنیستی کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە گەیشتن بە ئاشتی شکستی هێناوە، وتی: ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی بینەری کوشتاری زیاتر لە 7 هەزار کەسی سڤیلن کە لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەدا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە غەززە شەهید کراون، هەروەها لە ڕووی چەک و پێداویستی سەربازیشەوە بە هەموو جۆرێک هاوکاری ئەم ڕژێمە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی سەرقاڵی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززەیە.
ناوبراو ئامۆژگاریی ئەمریکای کرد کە لە جێی ناردنی چەک و ڕۆکێت و بۆمب، ئاشتی دابین بکات و وتی: ئەمریکا دەبێت واز لە پشتیوانیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە بێنێت، ئێمە بەردەوام بەرگریمان لە ئاشتی و سەقامگیری کردووە، ئەمڕۆ بە ڕاشکاوانە لە نیۆیۆرکەوە ئامۆژگاری ئەمریکییەکان دەکەم کە واز لە شەڕ و پشتیوانیکردن لە کوشتاری خەڵکی غەززە بێنن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بنەڕەتی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر تاوان و داگیرکارییە و تا ئێستا زیاتر لە 20 شەڕی لە ناوچەکە هەڵگیرساندووە، تەنانەت هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتانەش کە دراوسێی ئەم ڕژێمە نین.
وتیشی کە خەباتی گەلی فەڵەستین و حەماس، مافی بەرگری لە خۆکردن و ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکارییە و دەبێت مافی بەرگری ڕەوا لە بەرامبەر داگیرکاری بەوان بدرێت./.