بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستی غەززە ڤیتۆ کرد. ئامانج لەو بڕیارەش دەستەبەرکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ غەززە لە پاش چەندین ڕۆژ گەمارۆی تەواو و پچڕانی ئاو و کارەبا بووە.
ژانگ جوون باڵیۆزی چین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ڤیتۆکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەمریکاوە تووشی شۆک بووە و ناتوانین بڕوامان بەوە هەبێت کە شتی وا لەم بارودۆخەدا ڕووی داوە.
ئەو شۆکەی کە باڵیۆزی چین باسی دەکات و دەڵێت ناتوانێت لەم سیاسەتەی ئەمریکا تێبگات، هێندە بێهۆ نییە. ئەمریکا پێشتر پێشنیارەکەی ڕووسیاشی بۆ هەمان مەبەست ڤیتۆ کردبوو، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە لەو پێشنیارەدا حەماس ئیدانە نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە پێشنیارەکەی برازیلدا هەموو جۆرە توندووتیژییەک و کردەوەیەکی سەربازی لە دژی خەڵکی سڤیل ئیدانە کرابوو.
برازیل لەو پێشنیارەدا داوای ئەوەیکردبوو کە سەرجەم دیل و بارمتە زایۆنیستەکان شەڕی زریانی ئەقسا لە لایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئازاد بکرێن.
ئاشکرایە و وەک چۆن بەردەوام باس کراوە، ئەمریکا ئیدارەی ڕاستەوخۆی شەڕی غەززە دەکات و بە بەرپرسی هەموو ئەو هەنگاوە دژە مرۆییانە دادەنرێت کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی دژی خەڵکی غەززە جێبەجێ کراوە، لە گەمارۆی تەواو و پچڕانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە تا دەگاتە بۆردومانە دڕندانەکان. هەروەها ئەمریکا بە بەرپرسی سەرەکی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس لە خەڵکی غەززە بە تایبەت ژنان و منداڵانی ئەم ناوچەیە دادەنرێت.
پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت کردنەوەی هێڵی ئاسمانی بۆ گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان، هاندەری ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تاوانی زیاتر لە دژی خەڵکی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە بووە، ئامانجی ئەمریکاش هەر ئەمەیە و ئەگەر ئامانجی وەهای نەدەبوو، هیچ کات بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بۆ جێگیربوونی ئاگربەستی غەززە ڤیتۆ نەدەکرد.
هەنگاوەکانی ئەمریکا بە تایبەت سەردانەکەی جۆبایدن بۆ تەل ئەبیب، پیشاندەری پیلانێکی مەترسیداری واشنتنە بۆ داهاتووی پرسی فەڵەستین و ئەم پیلانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکییەکان چاویان بە ڕووی سەرجەم تاوان و دڕندەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەم شەڕەی ئێستادا دابخەن.
ئەمریکییەکان تا بتوانن نەخشە و پیلان دادەڕێژن و ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەی لە توانایدا بێت وەک تاوان دەیکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پیلانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە هیچ شتێک ناگات. بۆ ئەمەش دەتوانین بۆ ساڵی 2006 و کاتی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان بگەڕێینەوە کە ئەمریکییەکان هەموو داواکارییەکیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکان ڕەتدەکردەوە. خۆڕاگری ئیسلامی لە لوبنان سەرجەم پیلانەکانی پووچەڵکردەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاگربەست داوا لە وڵاتانی عەرەبی بکەن. لە ئێستای غەززەش هەر ئەمە چارەنووسی زایۆنیستەکانە./.