ئەم هەواڵە لە ڕۆژانی سەرەتایی شەڕی غەززە و بۆردومانە دڕاندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئەم ڕژێمە و هەروەها لە هەڵمەت و پڕوپاگەندەی میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بڵاو نەکرایەوە. لەم ماوەیەدا میدیاکانی ڕۆژئاوا بە پێی درۆ و پڕوپاگەندەکانی خۆیان، ڕژێمی جەلادی زایۆنیستییان بە قوربانی و دانیشتووانی غەززە و بزوتنەوەی حەماسیان بە جەلاد ناو بردووە.
بەڵام ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە ڕایگەیاندووە کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کاریگەری نەرێنیی لە سەر ورەی دیپلۆماتکاران، بەرپرسان و فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داناوە و دانی بەوەدا ناوە کە ئەوەی پێگەی هافینگتۆن پۆست باسیکردووە، لە ڕاستیدا بوونی هەیە و ناڕەزایەتییەکان لە ئەمریکادا بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی ڕووی لە هەڵکشانە.
خاڵی بەرچاو ئەوەیە کە بلینکەن لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە هەلومەرجی دژواری زاڵ بە سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوە. لە پەیامەکەیدا هاتووە کە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێی بەشیک لە ئەندامانی ئەم وەزارەتە دەکرێت، نەک تەنیا لە ئاستی پیشەیی و کار، بەڵکوو لە ئاستی کەسێتیش ئەمە دەبینرێت. بلینکەن بانگەشەی ئەوەیکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر گیان لە دەستدانی کەسانی بێ تاوان، هەست بە نیگەرانی دەکات.
ئاشکرایە کە بلینکەن تازە بەم ڕاستییە گەیشتووە کە حکومەتەکەی بایدن لە لایەن بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە کەوتووەتە چ داوێکەوە. لە بەر ئەوەی کە دەستبەجێ پاش هەڵمەتی زریانی ئەقسای حەماس کەوتە بەرگری و پشتیوانی کەم وێنە لە تەل ئەبیب و بۆ تاوان و دڕندەیی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی غەززە گڵۆپی سەوزی هەڵکرد و ئەمریکا بە کردەوە سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کرد، ئەو دڕندەییەی کە تا ئێستا گیانی هەزاران کەسی کردووەتە قوربانی و هەر ئێستاش ئەمریکا لە شەرمەزارییەکی تەواودا بەردەوامە لە ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی قوربانیکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە دانیشتووانی غەززە و فەڵەستین بە گشتی.
پەیامەکەی بلینکەن ئەوە دەخاتەڕوو کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بەرامبەر بە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە جۆرێک لە بێهیوایی هاتووەتە پێشەوە و ڕەنگە ئەمەش بگاتە ناڕەزایەتییەکی گەورە. بێگومان ئەم ناڕەزایەتییەش لە ئاکامدا قەیرانێکی گەورەتری لەو وڵاتە بە دواوە دەبێت./.